گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشنیارى پەرلەمانتارێکى کورد بۆ چارەسەرکردنى کورتهێنانى بودجەى عێراق 

2020.05.28 - 14:55
پێشنیارى پەرلەمانتارێکى کورد بۆ چارەسەرکردنى کورتهێنانى بودجەى عێراق 

ناس کورد- 

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق حەوت پێشنیاری وەكو هەنگاوی چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجە خستووەتە ڕوو كە لەناویاندا دەركردنی یاسایەكە بۆ چارەسەركردنی چەند موچەیی و قەرزكردنی ناوخۆیی و دەرەكی و یەكلاكردنەوەی موڵك و ماڵەكانی حكومەت و لەوەش گرنگتر داوا دەكات سەرۆكوەزیران بوێرانە چەند بڕیارێك بۆ دووخستنەوەی دەستی حزب لەحكومەت دەربكات.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چەند هەنگاوێك هەیە پێویستە سەرۆكوەزیران بۆ چارەسەركردنی كێشەی  كورتهێنانی بودجە بیاننێت و هەروەها بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ خەرجیەكان دابین بكرێت.

 

یەكەم هەنگاو ئەوەیە پەنا ببرێتە بەر قەرز، چونكە لەئێستادا داهات كەمبووەتەوە بەتایبەت بۆ قەرزی ناوخۆیی گەر ئەوەش بەدەستنەهات ئەوكات پەنا ببرێتە بەر قەرزی دەرەكی و بەیاسایەكیش كۆتایی بەچەند موچەیی بهێنرێت كە ئەوەش لەسەر خەزێنەی دەوڵەت قورساییەكی زۆری دروستكردووە.

 

بەلای كۆچەرەوە، سێیەم هەنگاو ئەوەیە، دەروازە سنورییەكانیش توندوتۆڵ بكرێن چونكە 6 دەروازەی سنوری لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتتدا نین، سەرباری ئەوەی لەچەند خاڵێكی سنوری باج وەرناگیرێت بۆ نمونە خاڵی سنوری ئەنبار.

کۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ژمارەیەك لەخەرجیەكان كە بۆ چەند كەرتێك خەرجكراوە بەتایبەت بۆ كەرتی وزە دەگاتە 12 بۆ 15 ملیار دۆلار و بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و كەمكردنەوەی هەناردەكردن بەناچاری دەكرێت دووبارە چاوپیاخشاندنەوەیان بۆ بكرێت.

 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش كرد، هەنگاوێكی تر پەیوەندی بەدانەوە قەرزی دەرەكییەوە هەیە، دەبێت حكومەت شاندێكی دانوستانكار ڕەوانەی ئەو وڵاتانە بكات كە قەرزیان دەدرێتەوە بۆ ئەوەی دانەوەیان بۆ چەند ساڵێك دوابخرێن.

 

بەوتەی جەمال كۆچەر هەنگاوێكی دیكە ئەوەیە، چەند موڵكێك لەلایەن بەرپرسانی سیاسی و حزبیەوە داگیر كراون و حكومەتیش هیچ جۆرە دەستكەوتێكی لەسەریان دەستناكەوێت جگە لەچەند بڕێكی كەم نەبێت، ئەوەش پێویستی بەچاو پیاخشانەوە هەیە، سەرباری پرسی كارگە حكومییەكان كە بوونەتە بارێك بەسەر حكومەتەوە و هیچ دەستكەوتێكیشان نیە دەبێت حكومەت ئەوە یەكلا بكاتەوە بەیاسایەك لەبارەی خاوەندارێتیكردنی ئەو كۆمپانیا و كارگانە لەنێوان كەرتی گشتی و تایبەتیدا و بیانخاتە بەر دەستی وەربەرهێنەرانی دەرەكی و ناوخۆیی.

 

لەكۆتایی پلانە پێشنیارەكەیدا، كۆچەر باسی لەوەش كرد، دەبێت حكومەت بوێر بێت لەدەركردنی كۆمەڵێك بڕیار چونكە بەداخەوە حكومەتەكانی پێشتر بەتایبەت كابینەكەی عەبدولمەهدی كە بەمردوویی لەدایك بوو هۆكاری بەهێزبوونی دەستی حزبە سیاسیەكان بوو لەسەر حسابی حكومەت، دەبێت سەرۆكوەزیرانی نوێ هەوڵبدات دەستی حزب لەحكومەت دووربخاتەوە و بیانخاتەوە ژێر حوكمی یاسا نەك بەپێچەوانەوە.