گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داود ئۆغڵو: لە داهاتويەكى نزيكدا شتێك نامێنێت بەناوى پارتى ئاكەپە

2020.05.28 - 14:32
داود ئۆغڵو: لە داهاتويەكى نزيكدا شتێك نامێنێت بەناوى پارتى ئاكەپە

ناس کورد- 

ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆكى حزبى "داهاتوو"ى توركيا پێشبينى ئەوە دەكات، لەماوەيەكى نزيكدا پارتى داد و گەشەپێدان "ئاكەپە"ى فەرمانڕەواى ئەو وڵاتە، بڕوخێت و نەمێنێت.

 

ئۆغڵو كە پێشتر ئەندامى پارتى "ئاكەپە" بوە و سەرۆكوەزيرانى پێشوترى تورکیا بوە، لەئێستادا ئۆپۆزسيۆنە و لە گفتوگۆيەكدا لەگەڵ كەناڵى "خلق تى ڤى" وتويەتى، ژمارەى ئەو كەسانەى ناو ئاكەپە كە ڕازين بە ڕێچكەى حزبەكەيان زۆر كەمن، لە داهاتودا شتێك نامێنێت بەناوى پارتى داد و گەشەپێدان.

 

باسى لەوەشكرد، لەماوەى دوايدا توركيا دەناڵێنێت بەهۆى كێشەكانى ئازادى و دادپەروەرى، مافياكان لە گرتوخانەكاندا هاتونەتە دەرەوە و ڕۆژنامەنوسان لە گرتوخانەكاندا ماونەتەوە، هەروەها رێژەى هەژارى لە زيادبوندايە.

 

ئۆغڵو رونيشيكردەوە، دەبينم كە حەزى سەركوتكارى چەندين كەسى كۆنترۆڵ كردوە كە پێشتر كەسانى ئاسايى بوون، گومانى تێدا نييە كە سەركوتكارى نەخۆشيەكى جيهانيە و پێم وانيە ئەم هەيكەلى سەركوتكاریيەى لە توركيا هەيە بمێنێتەوە.

 

دەشڵێت، هيچ ڕۆژێك وەك ئەو ڕۆژەى كە بڕيارمدا واز لە پۆستى سەرۆكوەزيران بهێنم هەستم بە ئازادى نەكردوە، لەو كاتەدا حزبى دەسەڵاتدار دەيويست بمكات بە بوكەڵە پێش ئەوەى دەستلەكار بكێشمەوە.

 

سەرۆكى حزبى "داهاتوو" سەبارەت بە بيرۆكەى دروستكردنى حزبەكەى ئاماژەى بەوەداوە، ئەم بيرۆكەيە لەوەوە هات كە دنيابينيمان وابوو كە ناتوانرێت دەوڵەتێكى هيوابەخش لەگەڵ پارتى ئاكەپە بنياد بنرێت، سيستمى سەرۆكايەتى لاوازە بەپێى پێودانگە ديموكراتيەكان.

 

هێماى بۆ ئەوەشكرد، دواى كۆتا ديدارم لەگەڵ ڕەجەب تەيب ئەردۆغان هيچ دڵنياييەك نەمابوو، ئەندامانى ئەنجومەنى حزب بڕوايان بە يەكترى نەماوە، يەكێك لەو بابەتانەى كە پەشيمانم لە نەكردنى لەو كاتەى كە سەرۆكوەزيران بوم، تێپەڕاندنى ياساى شەفافيەتى سياسى بوو، گەندەڵى لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە ڕودەدەن.

 

ئەحمەد داود ئۆغڵو ڕەخنە لە بارودۆخى ئابورى توركياش دەگرێت و دەڵێت، كاتێك سەرۆكوەزيران بوم ڕێژەى هەڵاوسان تەنها 7% بوو بەڵام ئێستا ژمارەكە بوە بە دوانى.