گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێکى پێشوى ئەمریکا باس لە مایەپوچبوونى حکومەتى هەرێم دەکات 

2020.05.28 - 13:53
بەرپرسێکى پێشوى ئەمریکا باس لە مایەپوچبوونى حکومەتى هەرێم دەکات 

ناس کورد- 

بەرپرسێكی پێشوى باڵای ئەمریكا ئاشكرای کرد، لەناوخۆی ئەمریكادا پەرتبونێك هەیە لەسەر شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق و تیمێك هەن دەیانەوێت فشاری بخەنە سەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و واشنتۆن مامەڵە لەگەڵ بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی كازمیدا دەكات.

 

لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە دەشپرسێت، گەر ئەمریكا پشتی بەستووە بە بنكە سەربازییەكانی لەهەرێمی كوردستان ئەوە دەزانێت حكومەتی هەرێمی كوردستان توشی مایەپوچبوون هاتووە و ڕوبەڕووی كێشەی مەترسیداری سیاسی دەبێتەوە.

 

لەوتارێكیدا رۆبرت فۆرد، باڵێۆزی پێشووی ئەمریكا لەوڵاتانی سوریا و جەزائیر ڕایگەیاند، دوای مردنی 100 هەزار ئەمریكی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئیدی لە ئەمریكا جگە لەكەمینەیەكی دەرەوەی پایتەختی ئەمریكا عێراق نابێتە جێی بایەخ و لەناوەوەی واشنتۆنیشەوە، ژمارەیەك بەرپرس بیر لە كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ كازمی دەكەنەوە كە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو لەبەغدا بەڕێوەبچێت.

 

ڕونیشی كردووەتەوە، ئەمڕۆ دوو بەرە لەواشنتۆن بەرامبەر بەغدا هەیە، یەكەمیان مایكڵ نایتس لە پەیمانگای واشنتۆنە بۆ سیاسەتی خۆرهەڵات و ئەنتۆنی بەفاف لەئەنجومەنی ئەتڵەسی كە پێیانوایە ئارامبگرن و هاریكاری كازمی بكەن بۆ ئەوەی لەئێران سەربەخۆی بێت و ئەم بەرەی هانی واشنتۆن دەدەن كازمی چەند چاكسازییەك لەهێزە ئەمنیەكانی عێراقدا بكات و خواستی پەیوەندی دوو قۆڵی سەربازییان لەگەڵ هێزە عێراقیەكاندا هەیە.



بەلای فۆردەوە بەرەی دووەم لەناو واشنتۆنەوەیە كە بریتین لەكۆمارییە پارێزگارەكان لەنمونەی دیك چینی جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا و جۆن هانا و مایكڵ بڕێخت توێژەر لەپەیمانگای هۆدسۆن كە ئیدارەكەی تڕەمپ هاندەدەن بژاردەی سەخت بخەنە بەردەم كازمی.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەندامانی ئەو بەرەیە وای دەبینن دەبێت دەستبەجێ سەرۆكوەزیران ڕوبەڕووی حەشدی شەعبی ببێتەوە و هەڵیوەشێنێتەوە و لەگەڵ ئێرانیشدا چالاكییە ئابورییەكانی سنوردار بكات، ئەگینا واشنتۆن لەوەڵامدا فشاری زیاتر دەخاتە سەر عێراق.

 

بەوتەی فۆرد ئەو گروپە ناوخۆییە هۆشداری ئەوە دەدەن، ئەگەر بەغدا كۆتایی بەهەژموونی حەشدی شەعبی نەهێنێت ئەوا ئاستەمە بتوانن بەردەوامبن لەپاڵپشتیەكانیان لەكۆنگرێسەوە بەتایبەت بۆ ڕەوانەكردنی هاریكاری سەربازی و ئابوری بۆ بەغدا بەتایبەت دوای ئەوەی واشنتۆن بودجەیەكی زەبەلاحی بۆ ڕێوشوێنەكانی بەرەنگاری كۆرۆنا تەرخانكرد.

 

فۆرد دەشڵێت، شارەزایان و پسپۆڕان لەو باوەڕەدان، بارودۆخی بەغدا توندتر دەبێت و دەتوانن دووبارە 5 هەزار سەرباز لە عێراقدا بڵاوە پێ بكەن لەبنكەكانی هەرێمی كوردستان.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لەو بنكانەوە دەتوانرێت هێرش بكرێتە سەر سەرتاپای عێراق و سوریا لەدژی هەر دوژمنێك، بەپێی ڕاڤەی ئەم گروپە لەكاتی ڕوخاندنی حكومەتەكەی كازمییدا ئەوكات نابێتە كێشەیەك بۆ ئەمریكا.

 

فۆرد دەشپرسێت، ئایا ئەمریكییەكان كازمی دەڕۆخێنن بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا..؟ ئەوەی شایەنی باسە لەناو ئاڵنگارییە ئابورییە گەورەكاندا لەعێراق بەرهەمهێنانێكی کەمی كارەبایە عێراقی ناچار كردووە وزە لەئێرانەوە هاوردە بكات بۆ زیادكردنی كارەبا بۆ هاووڵاتیان بەتایبەت لەهەرێم و باشورەوە.



فۆرد هەر خۆیشی وەڵامی پرسیارەكەی دەداتەوە و دەڵێت، گەر واشنتۆن پەتی سەبری پچڕا كە چەند ساڵێكە لەسەری بەردەوامە و بڕیاری لەبری ئەوانە سزاكان بسەپێنێت، ئەوكات مەترسی بۆ كابینەكەی كازمی دروست دەبێت و ناشتوانێت موچە بدات بەوەش خۆپیشاندانەكان گەرم دەبنەوە.

 

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، گەر هاتوو حكومەتەكەی كازمی بڕوخێت، واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی چۆن دەتوانن بزانن ئەو حكومەتەی دوای ئەو دێت باشتر ئاسایش بەرقەرار دەكات و دژی داعش دەجەنگێت و گەر وەڵامەكەش ئەوە بێت بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەكوردستانی عێراق بەسن، ئایا واشنتۆن تێبینی ئەوەی كردووە حكومەتی هەرێم مایەپووچ بووە و ڕوبەڕووی كێشەی سیاسی مەترسیدار دەبێتەوە.