گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەپۆلى كولە هندستانى هەراسان كردوە [وێنە]

2020.05.28 - 08:44
شەپۆلى كولە هندستانى هەراسان كردوە [وێنە]

ناس کورد- 

شەپۆلى كولە لە وڵاتى هندستانيش دەدات و بەپێى زانياريەكان تائێستا 50 هێكتار زەوى كشتوكاڵى لەناوبردوە، ئەوەش لەساڵى 1993ەوە لەو وڵاتە ڕوينەداوە.

بەپێى زانياريەكانى سەرچاوەكانى هەواڵى هندستان، لەماوەى 3 دەيەى ڕابردودا ئەوە خراپترين شەپۆلى كولەيە لە هندستان بدات، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و ئامێرە كشتوكاڵيەكان و ئۆتۆمبێلەكان دواى ئەو شەپۆلە كولە كەوتون بۆ ڕشاندنى بە مادەى لەناوبەر و كۆتايى هێنان پێى.

 

شارەزايانى هندستان هۆشداريان داوە لەوەى كە لەمانگى شەشيشدا شەپۆلى ترى كولە لە وڵاتى پاكستانى هاوسێيانەوە ڕودەكاتە هندستان و بەپێى زانياريەكانى ئاژانسى ئەسۆشيەيتد پرێس ولايەتى ڕاجيكستان زەرەرمەندترين ولايەتى ئەو وڵاتەيە و لەمانگى چوارەوە مليۆنان كولە هێرشيان كردوەتە سەر كێڵگە كشتوكاڵيەكان.

 

لەچەند ڕۆژى ڕابردودا شەپۆلە كولەكە گەيشتوەتە چەند ناوچەيەك كە پێشتر هيچ شەپۆلێكى نەگەيشتوە و شەپۆلەكە پانتاييەكى زۆرى داگير كردوە و بەرەو ولايەتەكانى پنجاب و ماديا براديش و گوجارات دەچێت.

لاى خۆيەوە كيە ئيل گورجار، بەرپرسى ناوچەى ئاگادارى لە شەپۆلە كولەكەى هندستان ئاماژەى بەوەداوە، بارودۆخەكە جێى نيگەرانيە بەڵام نيگەرانى زياتر لەسەر زيادبونى كولەكانە، چونكە ئەوەش دەبێتە هۆى لەناوبردنى ناوچەى كشتوكاڵيەكانمان.

 

باسى لەوەشكردوە، لەساڵى 1993ەوە هندستان شەپۆلى كولەى لەو جۆرەى بەخۆيەوە نەبينيوە و كولەش زۆر بەخێرايى زياد دەكەن و بەشێوەيەكى زۆر خێراتر گەورە دەبن پێش ئەوەى كە كەشوهەواى وشك ببێتە هۆى سنورداركردنى بڵاوبونەوەيان.

 

گورجار ئەوەشى رونكردوەتەوە، پلەى بەرزى گەرماى ئەمساڵ هاوكارى شەپۆلە كولەكان بوە بۆ ئەوەى زۆر بەخێرايى بڵاوببنەوە، ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت زيانێكى زۆر لە پێداويستيە كشتوكاڵيەكانى هندستان دەدات.

 

جوتيارانى هندسان بەهۆى شەپۆلە كولەكەوە نيگەران و توڕەن و پەنايان بۆ ڕێگە تەقليديەكان بردوە بۆ دەركردنيان وەك، هەڵدانى بەرد و ئاگر كردنەوە بۆ ئەوەى بەهۆى دوكەڵەوە دوريان بخەنەوە.