گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

حكومەتی هەرێم شاندێك ڕەوانەی نوگرەسەلمان دەکات

2019.04.13 - 16:05
App store icon Play store icon Play store icon
حكومەتی هەرێم شاندێك ڕەوانەی نوگرەسەلمان دەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح  

دوای ئەوەی دوێنێ پارێزگاری سەماوە لە باشوری عێراق گۆرێكی بە كۆمەڵی قوربانیانی شاڵاوەكانی ئەنفالی ئاشكراكرد، وەزارەتی شەهیدانی هەرێم و دەزگای شەهیدانی عێراق بە شاندیکی هاوبەش دەچنە ئەو پارێزگایە، كەسوكاری ئەنفالکراوانیش داواکارن نوێنەریان لەو شاندەدا هەبێت.

.

فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "چاوەڕانی ڕێكارە یاسایی و ئەمنییەكانین بۆ ئەوەی بە زووترین كات، شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی ئەو ناوچەیە بكات كە گۆرە بەكۆمەڵەكەی تێدایە". 

.

"لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق لە سەر هێڵین بۆ ئەوەی میكانیزمی هەڵدانەوەی ئەو گۆرانە دیاری بكەین، داوامانكردووە لە پارێزگاری سەماوە ئەو گۆڕە بپارێزن تا ئەوكاتەی شاندەكە دەگاتە شوێنەكە، چونکە دڵنیاین ئەو گۆڕە ڕوفاتی قوربانیانی شاڵاوەكانی ئەنفالی تێدایە" وتەبێژەکەی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم وای وت.

.

کەسوکاری ئەنفالكراوانیش داوا لە حکومەتی هەرێمی كوردستان دەکەن، سۆراغی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان بکات، سیروان سلێمان کەسوکاری ئەنفالكراون تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك كەسوكاری ئەنفالکراوان زۆر نیگەرانین لە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی قوربانیانی شاڵاوەكانی ئەنفال".

.

سیروان سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین جار داوایان لە حكومەتی هەرێم كردووە، کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەندامیان هەبێت لەو شاند و لیژنانەی كە بۆ دۆزینەوە و پشكنینی گۆرە بەكۆمەڵەكان دروست دەكرێن، بەڵام حكومەت هەرێم گوێی لێنەگرتوون.

.

گۆڕێکی بەکۆمەڵەکە لە ناوچەی شێخییە، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای قەزای نوگرەسەلمان دۆزراوەتەوە، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن کە ڕووفاتی ئەو کەسانەی لە ناو گۆڕەکەدان هاوڵاتی کورد بن.

.

.