گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەى دوو پاڵاوتگەكەوە پارتى و یەکێتى وەڵامى ’ملیۆنێرە’ ئۆپۆزسیۆنەکە دەدەنەوە 

2020.05.28 - 08:28
لەبارەى دوو پاڵاوتگەكەوە پارتى و یەکێتى وەڵامى  ’ملیۆنێرە’  ئۆپۆزسیۆنەکە دەدەنەوە 

ناس کورد- 

يەكێتى نيشتمانى كوردستان و پارتى ديموكراتى كوردستان تۆمەتەكانى شاسوار عەبدولواحيد، سەرۆكى جوڵانەوەى نەوەى نوێ رەتدەكەنەوە بەوەى كە ئەو دوو پارتە لە گەندەڵى دارايى بە مليارەها دۆلار تێوەگلابن.

 

شاسوار عەبدولواحيد لە هەژمارى خۆى لەتۆڕى كۆمەڵايەتى تويتەر بڵاويكردوەتەوە، حكومەتى ناوەندى لە بەغدا دوو پاڵاوتگەى نەوتى داوە بە حكومەتى هەرێمى كوردستان وەك ديارى، بەڵام ئەو پاڵاوتگانە دراون بە دوو كۆمپانياى پارتى و يەكێتى و ئەو دوو كۆمپانيايەش بۆ پاڵاوتنى هەر بەرميلێك نەوت بڕى 17 دۆلار لە حكومەت وەردەگرن.

 

بەپێى وتەكانى ناوبراو، ئێستا هەردوو كۆمپانياكە داواى بڕى 10 مليار دۆلار لە حكومەتى هەرێم دەكەن كە گوايە ئەوە قەرزى ئەو نەوتەيە پاڵاوتويانە.

 

لاى خۆيەوە ماڵپەڕى "الحرة" بڵاويكردوەتەوە، هەوڵى ئەوەيان داوە لێدوان لە وتەبێژى حكومەتى هەرێم وەرگرن بەڵام وەڵامى نەداوەتەوە، بەڵام "ئەمين بابا شێخ" وتەبێژى يەكێتى نيشتمانى كوردستان پێى ڕاگەياندون، ئەو تۆمەتانە پوچەڵن و ڕاست نين.

 

كاروان ئەنوەر، بەرپرس لەناو يەكێتى بە حورەى وتووە "شاسوار عەبدولواحيد خۆى مليۆنەها دۆلارى حكومەت قەرزارە و حكومەت بڕى 57 مليۆن دۆلارى داوە بە ناوبراو بۆ وەبەرهێنان، هەركاتێكيش داواى قەرزەكەى لێ دەكاتەوە لێدوانى لەو شێوەيە دەدات".

 

ئەنوەر باسى لەوەشكردوە، سەرۆكى حكومەتى هەرێم داواى لە بازرگان و كۆمپانياكان كردوە كە قەرزەكانى حكومەت بدەنەوە ئەوەش بەهۆى قەيرانى داراييەوە كە هەرێمى پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆيە ئەو تۆمەتانە دەركەوتون، هەروەها شاسوار عەبدولواحد مليۆنان دۆلارى هاوڵاتيان قەرزارە و سەنەدى وەبەرهێنانى پێ فرۆشتون بەڵام دواتر دەركەوتوە كە هيچ نرخێكيان نييە.

 

كفاح مەحمود، ڕاوێژكارى ڕاگەياندنى نوسينگەى مەسعود بارزانى سەرۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان بە ماڵپەرەکەى وتووە "نوسينگە دادوەريەكانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و سلێمانى پڕن لە سكاڵا دژى شاسوار عەبدولواحيد كە لەلايەن نوێنەرانى پەرلەمان و كڕياران كە مليۆنەها دۆلاريان داوە بۆ كڕينى شوقە و ڤێلا لە كۆمەڵگە نيشتەجێبونە وەهميەكان تۆمار كراون".

 

بەوتەى کیفاح "شاسوار دێت شتى هەڵبەستراو بڵاودەكاتەوە بۆ سەرقاڵکردنى ڕاى گشتى ئەوەش لە پێناو فشارخستنە سەر حكومەت".

 

شاسوار عەبدولواحيد وەڵامى ماڵپەڕەكەى نەداوەتەوە سەبارەت بەو تۆمەتانەى ڕوبەڕوى دەكرێنەوە لەلايەن هەردوو حزبى سەرەكى لە هەرێمى كوردستان و لە تويتێكى تردا نوسيويەتى، هەردوو كۆمپانياكە ڕۆژانە 100 هەزار بەرميل نەوت دەپاڵێون.