گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژنامەیەکى ئەمریکى هۆشدارى دەدات.. زیندانەکانى داعش مەترسیدارن

2020.05.27 - 23:18
ڕۆژنامەیەکى ئەمریکى هۆشدارى دەدات.. زیندانەکانى داعش مەترسیدارن

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، 10 هەزار چەکداری زیندانیکراوی ڕێکخراوی داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە ئێستادا مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە لە باکور و خۆرهەڵاتی سوریادان.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی، چەکدارە زیندانیکراوەکانى ڕێکخراوی داعش لە زیندانەکانی شاری "حەسەکە" کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرپەرشتی دەکرێن مایەی هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ژیانی ئەو 500 سەربازە ئەمریکییەی کە ئێستا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ( هەسەدە) لە ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا جێگیرکراون".

 

 ئاماژە بەوەکراوە، چەکدارە زیندانیکراوەکانی داعش پێش چەند ڕۆژێک هەوڵی نانەوەی پەشێویان داوە بە پاساوی خراپی باری گوزەرانیان لە زیندانەکاندا و مەترسی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەڵام ئەو هەوڵەیان لەلایەن هێزەکانی سوریاى دیموکراتەوە شکستی پێهێنراوە.

 

ڕۆژنامەکە رونیکردۆتەوە "پەنتاگۆن پێیوایە لە ئێستادا دەرفەتی هەڵاتنی ئەو چەکدارە توندڕەوانە لە زیندانەکانی شەڕڤانە کوردەکان ئەگەرێکی کراوەیە و هۆکاری مەترسیشە بۆ سەر ئەو هێزانەی کە شەڕی تیرۆر دەکەن لە ناوچەکەدا".

 

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەکردووە "هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئێستادا سەرپەرشتی  20 گرتووخانەی تایبەت بە چەکدارانی داعش دەکەن کە زیاتر 10 هەزار چەکداری زیندانیکراوی داعشی تێدایە بە جۆرێک 8 هەزاریان بەڕەگەز سوری و عێراقین و دوو هەزاریشیان بەڕەگەز بیانین و ڕەگەزنامەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ 50وڵات.

 

 بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە نیویۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، "هێزەکانی سوریای دیموکرات توانا و میکانزمی  لێکۆڵێنەوە و دادگاییکردنی  ئەو چەکدارانەیان نییە، بۆیە مانەوەیان لە زیندانەکان بەبێ دادگاییکردن دەرفەتی پێداگری لەسەر بیری توندڕەوی و هەڵاتنیان بە کۆمەڵ زیاتر دەکات".

 

 لای خۆشییەوە، نیکۆڵاس هیراس، سەرۆکی پەیمانگای توێژنەوەکانی جەنگ، ئاماژەى بەوە کرد : "ژمارەی چەکدارەکانی داعش لەزیندانەکانی (هەسەدە) زۆر زیاترە  لە ژمارەی پاسەوانەکانی، ئەوەش گریمانەی هەڵاتنیان زیاتر دەکات، بەتایبەتی ئەگەر بزانین کە ئەو ڕێکخراوە ئەزمون و سیاسیەتی باشی هەیە لە دەربازکردنی دیلەکانی لە زیندانییەکان".

 

 بەبڕاوی هیراس، "داعش لە ئێستادا لە هەوڵی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیەتی لە عێراق و سوریا، بۆیە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەو زیندانیانە کە چەکدارەکانی تێیدا بەدیل گیراون ئەگەرێکی کراوەیە".