گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤاکسینەکانى دژ بە کۆرۆنا روبەڕوى گرفتێکى چاوەڕواننەکراو بوونەوە 

2020.05.27 - 18:06
ڤاکسینەکانى دژ بە کۆرۆنا روبەڕوى گرفتێکى چاوەڕواننەکراو بوونەوە 

ناس کورد-

 لەگەڵ هەوڵ وکۆششی وڵاتانی جیهان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێک بۆ پەتای کۆرنا، پێشبینی ئەوە دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا تاقیکردنەوە تەختییەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا دوچاری گرفتى کەمی ژمارەی ئەو نەخۆشانە بێتەوە کە بەنیازن ڤاکسینەکانیان لەسەر تاقی بکرێتەوە.

 

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی" بۆی جینیۆس ڕیپۆرت"ی تایبەت بە هەواڵە زانستییەکان ئاماژە بەوە کراوە " لەگەڵ نزیکبوونەوەی وڵاتان لە گەیشتن بە قۆناغەکانی کۆتایی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکانی دژبە پەتای کۆرۆنا پێدەچێت توشی گرفتی کەمی ژمارەی ئەو نەخۆشانە ببنەوە کە  دەبێت ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقی بکرێتەوە".

 

ماڵپەڕەکە ئەوەی خستوەتە ڕوو، "بەپێی پلانی ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی کە لە ئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنان پێشبینی ئەوە کرابو لە قۆناغەکانی کۆتایی تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا ژمارەیەکی زۆر نەخۆش هەبێت، بەڵام لە ئێستادا ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە کەمبوونەوەدایە".

 

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، بەهۆی ئەو گرفتەوە پێدەچێت زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆرد قۆناغی کۆتایی دروستکردنی ڤاکسینەکەیان کە بەنیاز بوون لە مانگی ئەیلولی داهاتوو بەردەست بێت دوابکەوێت".

 

بە گوێرەی ماڵپەڕە زانستییەکە، ئەگەر زانایان ژمارەیەکی باشی نەخۆشیان بەردەست نەبێت ناتوانن بەشێوەیەکی زانستی و کۆتایی لە کارابوونی پێکوتەکە دڵنیابن، بۆیە  بڕیار وابوو زانایانی ئۆکسفورد لە قۆناغەکانی کۆتایی دروستکردنی ڤاکسینەکەیان پێکوتەکە لەسەر 10 هەزار  خۆبەخش تاقی بکەنەوە".

 

ماڵپەڕەکە جەختیلەوەشکردوەتەوە، "ئەگەر ژمارەیەکی زۆر لەنەخۆش ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقینەکرێتەوە ئەوا زانایان لەو حاڵەتەدا تەنها دەتوانن دڵنیابن لە سەلامەتی ڤاکسینەکە و کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش کە ئەوەش بەس نییە بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بە بەکارهێنانی پێکوتەکەو دابەشکردنی".  

 

 هەڵوێستی چین

وڵاتی چین کە سەرقاڵی تاقیکردنەوەیە لەسەر چوار جۆر ڤاکسین دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا دوچاری هەمان گرفتی وڵاتانی دیکەى جیهان بووەتەوە ئەوەش کەمی ژمارەی پێویستە لە توشبووانی ڤایرۆسەکە.

 

 گاو ڤو، سەرۆکی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکان لە چین لەو بارەیەوە دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی  تاقیکردنەوەکان بە ئاستێکی فراوان ڕێچکەی خۆی نابینێت،بەڵام  ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکان، ئەو پێکوتەیەیی کە فەراهەمدەکرێت دەدرێت بەو کەسانەی کە لە ئێستادا بەردەستن و بۆ کاتی لە ناکاودا  ئامادەی دەکەین".

 

ڤۆ، ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە "ئەو پێکوتانە هەر کات بەردەست بوون بۆ حاڵەتە  تایبەتەکان بەکاردەهێنرێن و بە تێپەڕبوونی کات  حاڵەتە تایبەتەکان دەبن بە حاڵەتێکی گشتی و هەموو خەڵک دەگرێتەوە".