گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حاجى تەیسیر ئەندازيارى مەرگ ئەو سەركردەى داعش عێڕاق كوشتنى ڕاگەياند كێيە؟

2020.05.27 - 17:22
حاجى تەیسیر ئەندازيارى مەرگ ئەو سەركردەى داعش عێڕاق كوشتنى ڕاگەياند كێيە؟

ناس کورد- 

عەميد يەحيا رەسوڵ، وتەبێژى سەركردەى گشتى هێزە چەكدارەكانى عێڕاق كوشتنى موعتەز جبورى "حاجى تەيسير" يەكێك لە سەركردە گرنگەكانى رێكخراوى داعشى ڕاگەياند، ناوبراو كێيە و ڕۆڵى چى بوو لەناو رێكخراوى داعش؟.

موعتەز جبورى كە لە بۆردومانێكى هێزەكانى هاوپەيمانى نێودەوڵەى لە دێرەزوورى سوريا كوژرا ناوى تەواوى "موعتەز نوعمان عەبدولنايف نەجم جبورى"يە و بە "حاجى تەيسير" ناسراوە، يەكێكە لە سەركردە ديارەكانى رێكخراوى داعش و ئەندامێكى كۆنى رێكخراوەى قاعيدە بوە.

 

 حاجى تەيسير پۆستى "والى عێراق" و ياريدەدەرى سەركردەى رێكخراى داعشى بۆ كاروبارى سەرجەم ولايەتەكان هەبوە، هەروەها بەرپرسى پلاندانان و هەماهەنگى پرۆسە تيرۆرستيەكانى دەرەوە بوە.

 

لەمانگى ئابى ساڵى 2019 ئەمريكا پاداشتنى 5 مليۆن دۆلارى بۆ هەركەسێك دانا كە زانيارى لەسەرى بدات، ئەوەش لە چوارچێوەى بەرنامەى پاداشت لە پێناو دادپەروەرى.

 

جبورى سەرپەرشتى دروستكردنى بۆمب و تەقينەوەكانى رێكخراوەكەى كردوە، عەميد يەحيا ڕەسوڵ باسى لەوەكردوە كە ناوبراو زياتر لە يەك پاسپۆرت و ناسنامەى هەبوە و مۆبايلى بەكارنەهێناوە لەترسى ئاشكراكردنى شوێنەكەى.

 

بەهۆى ئەو شارەزاييە زۆرەى لە دروستكردنى بۆمب و تەقينەوەدا هەيبوە بە "ئەندازيارى مردن" ناوبانگى پەيدا كردوە، لە بنەڕەتدا خەڵكى دێى شێخ ئەحمەدى سەربە قەزاى سەڵاحەدينە.

 

موعتەز جبورى سێيەم سەركردەى ڕێكخراوى داعشە لەم مانگەدا بكوژرێت لە دێرەزور و ڕۆژى هەينى ڕابردوش هاوپەيمانى نێودەوڵەتى كوشتنى دوو سەركردەى ترى ڕێكخراوەكەى بەناوەكانى "ئەحمەد عيسا ئيسماعيل زاوى" ناسراو بە "ئەبو عەلى بەغدادى" كە والى ڕێكخراوە بوە بۆ باكورى بەغدا و "ئەحمەد عەبد محەمەد حسێن جغيفى" بەرپرسى گەورەى پێداويستى و خزمەتگوزاريە لۆجستيەكانى رێكخراوەكەى لە عێراق و سوريا ڕاگەياند.