گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێدانى کارەباى نیشتیمانى لە هاویندا چۆن دەبێت؟ وەزیرى کارەبا رونکردنەوە دەدات

2020.05.27 - 16:30
پێدانى کارەباى نیشتیمانى لە هاویندا چۆن دەبێت؟ وەزیرى کارەبا رونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونکردنەوە لەبارەى پێدانى کارەباى نیشتیمانى بە هاووڵاتیان لە وەرزى هاویندا دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخى پێدانى کارەباى نیشتیمانى لەو وەرزەدا خراپ نابێت.

کەمال محەمەد، وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "بەهۆی كەمیی توانای حكومەت لەدابینكردنی گازی سروشتی بۆ ئەو 34 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە سەر بەكەرتی تایبەتن نەتوانراوە بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا لە 3200 مێگاوات زیاتر بەرز بكرێتەوە ".

 

وتیشى "لەهەرێمی كوردستان كێشەی بەرهەمهێنانی كارەبا نییە بەڵام كێشە گەورەكەی كەرتی كارەبا لە گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبایە".

 

وەزیرى کارەبا لەو بارەیەوە نموونەى بەوە هێنایەوە کە لە هەرێمى کوردستان لە 44%ی كارەبا كە نزیكەی 1200 مێگاوات دەکات ون دەبێت و جەختى کردەوە "كاتێك پسوڵەكان بۆ وەزارەتی كارەبا دەگەڕێنەوە ئەو بڕە نادیارە ئەمەش بەهۆی گواستنەوەو سەرپێچیكردنەوەیە".

 

کەمال محەمەد ئاماژەى بەوە کرد کە بۆ چارەسەرکردنى ئەو بڕە نادیارەى کارەبا کە لە گواستنەوە و سەرپیچیکردندا هەیە حکومەتى هەرێم بەرەو ئەوە دەچێت دابەشکردنى کارەبا بداتە کەرتى تایبەت.

 

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەت لەو بارەیەوە جدییە و هەنگاوى بۆ دەنێت.

 

لەبارەى دۆخى پێدانى کارەباى نیشتیمانى لە وەرزى هاویندا، وەزیرى کارەبا ئاماژەى بەوە کرد کە دۆخی كارەبای نیشتمانی لەوەرزی هاویندا خراپ نابێت.

 

رونیشیکردەوە "لە 3 مانگی داهاتوودا چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا نۆژەن دەكرێتەوە بەمەش دۆخی كارەبای نیشتمانی لەوەرزی هاویندا خراپ نابێت".