گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’تەنها مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانى ئاگادارن’’

یەکێتی: قوباد تاڵەبانی ئاگاداری 27 ملیار دۆلار قەرزەکە نییە

2020.05.27 - 14:26
یەکێتی: قوباد تاڵەبانی ئاگاداری 27 ملیار دۆلار قەرزەکە نییە

ناس کورد - ڕۆژیار سیروان 

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێرى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ڕایگەیاند، قوباد تاڵەبانی ئاگاداری ئەو 27 ملیار دۆلارە نییە کە حکومەت دەڵێت قەرزارە و تەنها سەرۆکوەزیرانى ئێستا و پێشوو ئاگادارن.

 

لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە وتارێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، حکومەت 27 ملیار دۆلار قەرزارە کە لە کابینەى پێشووەوە بۆی ماوەتەوە، ئەوەش شەپۆلێک کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێنا کە تا ئێستاش بەردەوامە.

 

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێرى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى ئەمڕۆ چوارشەممە (27ی ئایارى 2020) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "قوباد تاڵەبانى ئاگادارى ئەو 27 ملیار دۆلارە نییە کە حکومەتی هەرێم دەڵێت قەرزارە و ئەو نهێنیانە تەنها لای سەرۆک وەزیرانى ئێستا و پێشوترەو هیچ کەسێک زانیارى لەسەر نییە".

me_ga.php?id=158

 

قوباد تاڵەبانى لە پشکى یەکێتى ماوەى دوو کابینەیە لەسەریەک جێگرى سەرۆکى حکومەتە، لەم کابینەیدا تیمى یەکێتى لە حکومەت چەند جارێک ناڕەزایی گەیاندووەتە مەسرور بارزانى لەسەر چەند پرسێک، کە یەکێکیان پڕنەکردنەوەى بەشێک لە پۆستەکانى یەکێتییە لە حکومەت.

 

فەرید ئەسەسەرد وتى، "لیژنەیەک پێکهێنراوە و بەشێکى زۆرى ئامادەکراوە، کاندیدەکانیش دیاریکراون پاش تەواوبوونی کارەکان ناوەکان پێشکەشی سەرۆکى حکومەت دەکرێت". 

 

جەختیشیکردەوە، یەکێتى بەشدارە لە حکومەت و  پرسی کشانەوەی لەگەڵ هیچ لایەنێکى سیاسی باس نەکردووە و هیچ لایەنێکیش پرس و راى پێنەکردوون بۆ ئەو مەبەستە.

me_ga.php?id=159

ئەوە لەکاتێکدایە، پەیوەندییەکانى یەکێتى ماوەى چەند مانگێکە روویان لە گرژبوون و ئاڵۆزى کردووە، بەهۆى کێشەکانیان لەسەر پرسى شەراکەت لە حکومەت و ئاڵۆزییەکانى زینى وەرتێ و کۆوبونەوەکەى سەرەتاى ئەم مانگەى پەرلەمانەوە، بەو هۆیەشەوە چەند جارێک وادەى کۆبوونەوەى نێوانیان هەڵوەشاوەتەوە.

 

"بە دڵنیاییەوە پەیوەندیەکانمان بەردەوام دەبێت و هیچ مەرجێک دانەنراوە، لە هەوڵى ئاسایی کردنەوەى کۆبوونەوەکانین و هەولێر پایتەختی هەرێمى کوردستانە، یەکێتى هەرگیز گرفتی نەبووە کۆبوونەوەکانی لە کوێ ئەنجام بدرێت"، فەرید ئەسەسەرد وایوت.



وتیشی، "تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەکى نهێنى و دوور لە چاوى میدیا ئەنجام نەدراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەکانی نێوانمان بەردەوام دەبێت".

 

لەدواى کۆنگرەى یەکێتى یەوە لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا کە تێیدا هاوسەرۆکان و سەرکردایەتى نوێ بۆ یەکێتى هەڵبژێردرا، هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان پارتى و یەکێتیدا ئەنجامنەدراوە و پارتى تا ئێستا دانى بەسەرکردایەتى نوێی ئەو حزبەدا نەناوە.

 

بەوتەى ئەسەسەرد، سەرجەم ئەو رێککەوتنانەى پێشتر ئەنجامدراوە لەنێوان دوو حزب کراوە نەک لەنێوان دوو سەرۆک، حزب بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و بەردەوام سەرۆکەکان دەگۆرێن، "دەبێت هەموو حزبێک بەوە رازى بێت لەئێستادا مامەڵە لەگەڵ هاوسەرۆکێکى نوێ بکات و بەردەوامى بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتى بدەن". 

 

 لەبارەى ناڕەزایی هاوڵاتیان و ئەنجامدانى خۆپیشاندان دژى حکومەت و هەڵوێستى یەکێتى لەو بارەیەوە، فەرید ئەسەسەرد ئاماژەى بەوەدا بەپێى یاساکانى هەرێم و دەستوورى عێراق خەڵک ئازادە لە دەربرینی هەڵوێستەکانیان و مافی خۆیشاندانى هێمنانەیان هەیە بەپێى یاساکان .