گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سائیرون: پارتی هێشتا سورە لەسەر کاندیدکردنی فوئاد حسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە

2020.05.27 - 14:12
سائیرون: پارتی هێشتا سورە لەسەر کاندیدکردنی فوئاد حسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی سائیرونی سەدر ڕایگەیاند، بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان هۆکارە بۆ یەکلاکردنەوە و تەواوکردنی کابینەکەى کازمی.

 

غیاب عەمیری بە ئاژانسی هەواڵیی حکومەتی عێراقی وتووە، "دەبوو پێش جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان ئەو وەزارەتانەى کە مابوون پڕ بکرێنەوە، بەڵام ناکۆکی لایەنەکان لەسەر ناوە کاندیدکراوەکان بوونەهۆی دواخستنی."

 

"بەڵام دانوستانی سیاسی ئەو لایەنانانە بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر چەند ناوێکی دیاریکراو کە لەلایەن پەرلەمانەوە قبوڵکراو بێت."

 

دەشڵێت، "هۆکار سەرەکی ناکۆکییەکانیش لەسەر وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوتە."

 

عەمیری باسی لەوەش کرد کە "وەزارەتی نەوت دراوە بە بەسرە بەڵام سەرباری پێشکەشکردنی چەند ناوێکی زۆر بەڵام تائێستا ڕێککەوتن نەکراوە، سەرباری ئەوەش، هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان سورە لەسەر پێدانی وەزارەتی دەرەوە بە فوئاد حسێن."

 

سوربوونی پارتی لەسەر فوئاد حسێن شتێکی نهێنی و نوێ نییە، بەڵکو چەندینجار بەرپرسان و سەرۆکى فراکسیۆنى پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردووەتەوە کە ناوبراو تاکە کاندیدی حزبەکەیەتی و بە کەسی تر ڕازی نابن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە.