گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’داعش مەترسی نییە بۆسەر عێراق’’

وتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق باس لە تۆمارە ڤیدیۆییەکانی داعش دەکات

2020.05.27 - 09:40
وتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق باس لە تۆمارە ڤیدیۆییەکانی داعش دەکات

ناس کورد-

وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایگەیاند، رێکخراوى داعش نەبووەتە مەترسی لەسەر عێراق و ناتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر شارەکان و هاوڵاتییان.

 

عەمید یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژى مستەفا کازمى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەى شەرقەلئەوسەت ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان دواى شکستهێنان بە داعش، هەوڵە هەواڵگرییەکانیان چڕکردووەتەوە و دەستیان بەچەند ئۆپراسیۆنێکى پێشوەختە کردووە و چەندین فەرماندە و چەکدارى ئەو رێکخراوەیان دەستگیرکردووە، سەربارى ئەوانەى کە هاوکارى دارایی رێکخراوەکە دەکەن.

 

وتیشى، "دیارترین تیرۆریست کە دەستگیرکراوە موفتى داعش بووە لە 16ى کانونى دووەمى ئەمساڵدا، کە ناسراوە بە (شفاء نعمە) نازناوەکەى ئەبو عبد بارى بووە، کە پێشنوێژ و وتاربێژى ژمارەیەک لە مزگەوتەکانى موسڵ بووە و ناسراوە بە وتارەکانى دژى هێزە ئەمنییەکان و لە هێڵى یەکەمى سەرکردەکانى داعشدا بووە".

 

یەحیا ڕەسوڵ باسى لەوەشکردووە، هێزە ئەمنییەکان چەندین ئۆپراسیۆنى بەرفراوانیان ئەنجامداوە لەناویاندا "ئیرادەى سەرکەوتن" کە بە هەشت قۆناغ بووە.

 

لەبارەى تواناى داعشەوە بۆ بڵاوبوونەوەى لەناوچەکانى دیکە، یەحیا ڕەسوڵ جەختیکردەوە هیچ شوێنێک نییە بۆ داعش لە عێراق و هیچ شوێنێکیان بەدەستەوە نییە، هێزە ئەمنییەکان بەردەوام ئۆپراسیۆنى پێشوەختە دەکەن دژى پێگەکانیان لە ناوچە شاخاویی و بیابانییەکان تا نەتوانن بگەنە شوێنى نیشتەجێ بوونەکان.

 

لەبارەى دەرکردنى چەند تۆمارێکى دەنگی و ڤیدیۆیی کە چالاکییەکانى داعش دەردەخات بەتایبەت ڕفاندن و لەسێدارەدانى ئەوانەى هاوکارییان لەگەڵ حکومەتى عێراق کردووە، یەحیا ڕەسوڵ دەڵێت، "داعش هەوڵدەدات لەرووى ڕاگەیاندنەوە خۆى دەربخات، زۆربەى ئەو تۆمارانە کۆنن، هێزەکانمان لەبەرانبەر ئەوەدا هەوڵە هەواڵگرییەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بنەبڕکردنى پاشماوەکانى ئەو ڕێکخراوە".