گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ناتوانم هەناسە بدەم’’

ڤیدیۆی کوشتنی پیاوێکی ڕەش پێست لەلایەن پۆلیسەوە ئەمریکا دەهەژێنێت

2020.05.27 - 09:10
ڤیدیۆی کوشتنی پیاوێکی ڕەش پێست لەلایەن پۆلیسەوە ئەمریکا دەهەژێنێت

ناس کورد-

گرتەیەکى ڤیدیۆیی ئەمریکاى هەژاندووە کە تێیدا دەردەکەوێت پیاوێک لەسەرەمەرگدایە دواى ئەوەى بەتوندى مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت لەلایەن پۆلیسێکەوە لە ویلایەتى مينيسوتا و دواتر گیانلەدەست دەدات.

 

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە پۆلیسێک قاچى خستووەتە سەر ملى پیاوێکى ڕەشپێست کە لەسەر زەوییەکە کەوتووە سەرەڕاى ئەوەى دەڵێت ناتوانێت هەناسە بدات، دواى ماوەیەکیش گیان لەدەستدەدات.

 

جاكوب فراى حاکمى مينيسوتا ڕایگەیاند، چوار ئەفسەر کە ئەو پیاوەیان دەستگیرکردووە لەکارکردن وەستێنراون، نوسینگەى لێکۆڵینەوەى فیدراڵى (ئێف. بی. ئاى) لێکۆڵینەوەى لەو بارەیەوە دەستپێکردووە کە ڕۆژى دووشەممە ڕوویداوە، بە بەشدارى لێکۆڵەرى ویلایەتەکە.

لە گرتە ڤیدیۆکەدا کە لە شارى منيابوليس تۆمارکراوە، دەنگى قوربانییەکە دەبیسترێت کە دەڵێت، "تکایە تکایە ناتوانم هەناسە بدەم، هەموو شوینێکم ئازارى هەیە".

 

هەر لە ڤیدیۆکەدا دەنگى چەند کەسێکى پیادە دەبیسترێت کە لەشوێنى ڕووداوەکەن، یەکێکیان دەڵێت قوربانییەکە ڕوبەڕووی هەوڵى دەستگیرکردنی نەبووەتەوە. 

 

بن كرامب، پارێزەر و چالاکوان لە بوارى مافەکانى مرۆڤ دەڵێت، قوربانییەکە ناوى جۆرج فلویدە و پێدەچێت تەمەنى لە چلەکاندا بێت.

 

بەوتەى ميداريا ئەرادوندو، فەرماندەى پۆلیسى شارەکە، هێزەکانیان ڕێگەى خۆیان هەیە بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێک کە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، لێکۆڵینەوەى ناوخۆیی لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە.

دوو پۆلیسى بەشدار لە ڕووداوەکە بانگهێشتکراون، جۆن ئیلدەر، وتەبێژ بەناوى پۆلیسى ناوچەکەوە دەڵێت، قوربانییەکە کە لەلایەن هێزەکەوە گومانى لێکراوە، داواى لێکراوە لە ئۆتۆمبیلەکەى دابەزێت، پۆلیسەکان تێبینى ئەوەیان کردووە کە دۆخى تەندروستى خراپە، ئۆتۆمبیلى فریاکەوتن گواستویەتیەوە بۆ نەخۆشخانەیەکى نزیک و دواى ماوەیەکى کەم گیانى لەدەستداوە.

 

رووداوەکە شەپۆلێک ناڕەزایی لەشارەکە لێکەوتووەتەوە، دژى مامەڵەى خراپى پۆلیس لەگەڵ رەشپێستەکان، کە دیارترین دروشمیان ئەوەیە "ناتوانم هەناسە بدەم".