گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتى عێراق لەبارەى درێژکردنەوەى قەدەغەى هاتووچۆ رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

2020.05.26 - 19:31
حکومەتى عێراق لەبارەى درێژکردنەوەى قەدەغەى هاتووچۆ رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

ناس کورد-

ئەندامێکى شانەى قەیرانەکانى حکومەتى عێراق و بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەتى تەندروستى رونکردنەوەى لەبارەى راستى و دروستى ئەو هەواڵانە بڵاوکردەوە کە باس لە درێژکردنەوەى قەدەغەى هاتووچۆ دەکەن لە دواى پشووەکانى جەژنى ڕەمەزانەوە.

 

ریاز عەبدولئەمیر، ئەندامى شانەى قەیرانەکانى حکومەتى عێراق و بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەتى تەندروستى عێراق رایگەیاند "تا ئیستا هیچ بڕیارێک لە ئارادا نییە بۆ درێژکردنەوەى قەدەغەکردنى هاتووچۆ لەدواى پشووەکانى جەژنى ڕەمەزانەوە".

 

وتیشى "لەو بارەیەوە گفتوگۆ نەکراوە و بەپێویستیشى نازانین".

 

ئەو جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە چەند دامەزراوە و فەرمانگەیەک هەیە کە پێویستە بکرێنەوە و لەکارکردن بەردەوام بن بۆ ئەوەى ژیانیش بەردەوام بێت.

 

ئەندامەکەى شانەى قەیرانەکان ئاماژەى بەوە کرد "شانەى قەیرانەکان بەشێک لە قەدەغەکردنى سنوردار دەهێڵێتەوە بە مەرجى پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و دورکەوتنەوە لە دروستکردنى قەرەباڵغى و تێکەڵبوون.  

 

رونکردنەوەى ئەندامەکەى شانەى قەیرانەکان لەکاتێکدایە ڕۆژى (سێشەممە)ى رابردوو ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى عێراق پشووى جەژنى رەمەزانى بۆ ماوەى هەفتەیەک راگەیاند و هاوکات بڕیاریدا لەو هەفتەیەدا بەتەواوەتى قەدەغەى هاتووچۆ پەیڕەوبکرێت.