گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتى هەرێم لەبارەى 27 ملیار دۆلار قەرزەکە رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

2020.05.26 - 16:56
حکومەتى هەرێم لەبارەى 27 ملیار دۆلار قەرزەکە رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

ناس کورد-

نوسینگەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونکردنەوەیەکى لەبابەتى قەرزەکانى هەرێمەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد کە بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و  دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێم.

نوسینگەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە رونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات "لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە چەندین بۆنەی جیادا بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتی قەرزەکانی ھەرێم داوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و  دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێم،  کە ھۆکارەکەشی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لە بەغداوە بووە. لە راستیشدا ئەو کوژمەیە دەبێتە ئیلتیزامی دارایی بەغداش بەرامبەر بە ھەرێم".

 

لە رونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەدواى دوا وتارى سەرۆکى حکومەتدا کە ئاماژە بە بابەتى قەرزەکان کراوە ژمارەیەکی زۆر لە کەس و لایەنەکان کە تا ئێستا "بێدەنگ بوونە"، ھاتنە ئاخاوتن و ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەو قەرزانە بەشێکی زۆری پاشەکەوت و ئیلتیزامی داراییە.

 

نوسینگەى سەرۆکى حکومەت لە رونکردنەوەکەیدا سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە بە وتەى ئەوان" دواجار دانیان بەو ڕاستیانە دانا کە دەمێکە باسیان دەکرێت، مەبەستیان لەو نووسین و ڕوونکردنەوانە ھەرچی بێت، سەلمێنەری ئەوە بووە کە ئەو قەرز و ئیلتیزاماتانە ھەن و دەبێت واقعیانە مامەڵەیان لەگەل بکرێت".

 

جەختیشکراوەتەوە "سەرۆکى حکومەت (بەرێوەبەرایەتی بەرێوەبردن و ھەماھەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران) راسپاردووە، تاکو لە زووترین کاتدا ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر ھەموو قەرز و ئیلتیزاماتی دارایی حکومەتی ھەرێم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی ھەرێمیش بکرێت.

 

رونکردنەوەکە لە کاتێکدایە لەدوا وتارى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لەبارەى دۆخى ئابورى حکومەتى هەرێم و ئاسۆى دانوستاندن و گفتوگۆکانى نێوان هەرێم و بەغدا بوو ئاماژەى بە بوونى 27 ملیار دۆلار قەرز کرد کە لە ئەستۆى حکومەتى هەرێمدایە و ئەو بابەتەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.

 

ئەمڕۆ (سێشەممە)  زیاد جەبار سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "هەوڵ هەیە بۆ ئەوەى دواى جەژن پەرلەمان کۆبێتەوە، ئەرکى لەپێشینەش بەدواداچوونە بۆ ئەو قەرزەى سەرۆکى حکومەت باسیدەکات".   

  

وتیشى "دەبێت رونکرنەوەى زیاتر بدرێت لەو بارەیەوە، بۆ ئەوەش حکومەت بانگهێشتدەکەین".