گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى جیهانى تاقیکردنەوەى دەرمانەکەى ترەمپ وەک چارەسەرى کۆرۆنا ڕادەگرێت

2020.05.26 - 14:25
تەندروستى جیهانى تاقیکردنەوەى    دەرمانەکەى ترەمپ   وەک چارەسەرى کۆرۆنا ڕادەگرێت

ناس کورد-

 

رێکخراوى تەندروستى جیهانى تاقیکردنەوەى دەرمانى هیدروکسى کلوروکین چارەسەرى چاوەڕوانکراوى کۆرۆناى ڕاگرت، بەهۆى مەترسى پەیوەست بە سەلامەتى دەرمانەکەوە.

 

رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەشێوەیەکى کاتى تاقیکردنەوەکانى لەسەر دەرمانەکە لەچەندین وڵات هەڵپەساردووە، وەک ڕێوشوێنێکى خۆپارێزى.

 

ئەو هەنگاوە دواى ئاماژەکانى توێژینەوە پزیشکییەکان دێن لەبارەى ئەوەى بەکارهێنانى ئەو دەرمانە مەترسی مردنى توشبووانى کۆرۆنا زیاتر دەکات.

 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا پیشتر رایگەیاندبوو، ئەو دەرمانە بەکاردەھێنێت بۆ ئەوەى خۆى لە مەترسی توشبووان بە کۆرۆنا بپارێزێت.

 

ترەمپ چەندجارێک بانگەشەى بۆ ئەو دەرمانە کردووە کە لە بنەڕەتدا چارەسەرى مەلاریایە، ئەوەش بەپێچەوانەى راوێژە تەندروستییەکان و هۆشدارى بەرپرسانى تەندروستى لەبارەى بەکارهێنانى ئەو دەرمانەوە.

 

بەپێی توێژینەوەیەکى پزیشکى کە هەفتەى ڕابردوو بڵاوکرایەوە، بەکارهێنانى ئەو دەرمانە سود بە توشبووانى کۆرۆنا ناگەیەنێت، بەڵکو مەترسی مردنى بەشێک لە توشبووانى زیاتر کردووە کە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.

 

دەرمانى هيدروكسى كلوروكين ماوەیەکى درێژە دژى مەلاریا بەکاردەهێنرێت، بەڵام ڕادەى کارابوونى دژى کۆرۆنا هێشتا نەسەلمێنراوە لەلایەن هیچ توێژینەوەیەکى وردى پزیشکییەوە.  

 

بەرپرسانى تەندروستى ئەمریکا و کەنەدا لە کۆتایی مانگى نیساندا هۆشداریان دابوو لە مەترسی بەکارهێنانى ئەو دەرمانە بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا یان چارەسەرى توشبووان، تا ئەوکاتەى تاقیکردنەوەى پراکتیکی لەسەر دەکرێت. هەروەها هۆشداری درابوو لەوەى لێدانى دڵ روبەڕووى گرفت بێتەوە بەهۆى بەکارهێنانى دەرمانەکەوە.  

 

كلوروكين و هيدروكسي كلوروكين چەندین ساڵە بۆ چارەسەرى توشبووانى مەلاریا و باشکردنى بەرگرى جەستە بەکاردەهێنرێن.  

  

بەپێی توێژینەوەیەکى دیکە کە نزیکەى دە رۆژ لەمەوبەر لە گۆڤارى "نيو ئینگلاند"ى پزیشکى بڵاوکرایەوە، خواردنى ئەو دەرمانە نابێتە هۆى هیچ باشبونێکى گەورە یان خراپبوونى گەورەى بارى تەندروستى توشبووانى کۆرۆنا، ئەوانەى کە بەدەست نیشانەى مەترسیدارەوە دەناڵێنن.