گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەت بانگهێشتدەکات

پەرلەمان لەسەر قەرزە 27 ملیار دۆلارەکە دەجوڵێت

2020.05.26 - 13:29
پەرلەمان لەسەر قەرزە 27 ملیار دۆلارەکە دەجوڵێت

ناس کورد-

 

پەرلەمانى کوردستان جموجۆڵەکانى لەبارەى ئەو قەرزە 27  ملیار دۆلارە دەستپێکرد کە سەرۆکوەزیران دەڵێت لە کابینەى پێشووەوە بۆى بەجێماوە و بەنیازە بانگهێشتى حکومەت بکات لەو بارەیەوە.

 

لەچەند رۆژى ڕابردوودا مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە وتارێکى تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد کە حکومەتى هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزارە، بەبێ ئەوەى رونکردنەوەى زیاتر بدات، ئەوەش شەپۆلێک کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێنا کە تا ئێستاش بەردەوامە.

 

رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێم (27) ملیار دۆلار قەرزار نیە بە مانای قەرزی پشتبەستوو بە یاسا، ئاماژە یاساییەکان دەڵێن: سەرەتای قەرزکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، واتە تا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوت، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبووە".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ساڵی(2014)ەوە حکومەتی هەرێم هیچ پرۆژە یاسایەکی بودجەی گشتی نەناردووەتە پەرلەمان بۆیە هەر گوژمە پارەیەک بۆ هەر بوارێک ئاراستە کرابێت و بەهەر شێوەیەک داهاتی داپۆشەری ئەو خەرجیانە بەدەستهاتبن، لە ڕوانگەی یاسا و بە پێوەری کاری پەرلەمانی، بنەمای یاسایی دروستیان نیە.

 

لەهەرێمى کوردستان تاکە یاسایەک کە تێیدا رێگە بە حکومەت بدات قەرز وەربگرێت، یاسایەکە کە ساڵى 2015 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە، بەناوى یاسای ڕاکێشانی مایە لە ڕێگەی قەرزکردنەوە کە تێیدا رێگە بەحکومەت دەدات تا پێنج ملیار دۆلار قەرز بکات.

 

بەوتەى سەرۆکى پەرلەمان، هەر بڕێک بەهەر بەهایەک لەدەرەوەی ئەم بڕە ڕێپێدراوە قەرزکرابێت، سەرپێچی یاسایە و دەبێت پێش هەمووشت سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

 

دەشڵێت، لەگەڵ حکومەت لەم دۆسیەیە لانیکەمی متمانە و زانیاری ئاڵوگۆڕکراو لە نێوانیاندا نییە "تەنها ڕێگە بۆ بەرقەراربوونی زەمینەی کاری هاوبەش، شەفافکردنی کۆی دۆسیەکەیە بە ووردەکاریەکانیەوە، کە بێگومان دوای جەژن دەبێت هەمووان پێکەوە کاری لەسەر بکەین".

 

پەرلەمانى کوردستان لە حەوتى ئەم مانگەوە نەیتوانیوە کۆبێتەوە، بەهۆى ناکۆکى و گرژى نێوان لایەنەکانەوە لەسەر ئاڕاستەى کارکردنى ئەو دامەزراوەیە، کە دواى هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر سەریهەڵدا، بەڵام دوو پەرلەمانتار بۆ ناس کورد جەختیانکردەوە کە دواى پشووى جەژن هەوڵى جدى هەیە کە پەرلەمان کۆبێتەوە.

 

زیاد جەبار سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "هەوڵ هەیە بۆ ئەوەى دواى جەژن پەرلەمان کۆبێتەوە، ئەرکى لەپێشینەش بەدواداچوونە بۆ ئەو قەرزەى سەرۆکى حکومەت باسیدەکات".

 

وتیشى "دەبێت رونکرنەوەى زیاتر بدرێت لەو بارەیەوە، بۆ ئەوەش حکومەت بانگهێشتدەکەین".

 

زیاد جەبار گومانى خۆى لە بڕى قەرزەکە نیشاندا، بەو پێیەى بەوتەى ئەو دوو جۆر قەرزکردن هەیە، یان ئەوەتا وەزارەتى  دارایی لیستى قەرزەکان بڵاوبکاتەوە، یان پرۆژەى بودجە هەبێت کە تێیدا دیاری کرابێت، بەڵام هیچ کام لەوانە لە هەرێم نەکراوە.

 

لەساڵى 2014 ەوە تا ئێستا حکومەتى هەرێم پڕۆژەى بودجەى نەناردووەتە پەرلەمان، ئەوەش بەدواداچوونى بۆ قەرزەکان قورسکردووە.

 

زیاد جەبار وتى "تا ساڵى 2014 هیچ بڕە قەرزێک لە پڕۆژەى بودجەدا دیارینەکراوە، بۆیە دەبێت حکومەت بێتە پەرلەمان و رونکردنەوە بدات، بەتایبەتى لەبارەى بڕەکە و ئامانجى بڵاوکردنەوەیەوە".

 

باسکردن لە قەرزەکان لەلایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە لەکاتێکدایە، بەهۆى رێوشوێنەکانى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا و بڕینى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانەوە لەلایەن بەغداوە، حکومەت کەوتووەتە قەیرانەوە و ناتوانێت لەوادەى خۆیدا موچە دابەشبکات.

 

جەلال محەمەد بڕیاردەرى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "دواى جەژن  هەندێ رێکارى یاسایی و پەیڕەوى دەگرینەبەر لەو بارەیەوە، ئەو پرسە لاى هەندێک لە فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران بابەتێکى گرنگە و بەدواداچوونى بۆ دەکرێت".

 

وتیشى "بەدڵنیاییەوە دواى جەژن و پشووەکان پەرلەمان کۆدەبێتەوە، ناکرێت لەسەر کێشەى نێوان حزبەکان پەرلەمان کۆنەبێتەوە".