گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤیدیۆ.. بەشێک لە کافتریاکانی سلێمانی کراونەتەوە بە پێچەوانەى ڕێنماییەکانەوە

2020.05.25 - 15:17
ڤیدیۆ.. بەشێک لە کافتریاکانی سلێمانی کراونەتەوە بە پێچەوانەى ڕێنماییەکانەوە

ناس کورد-

ئەگەرچی بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ لە هەرسێ ڕۆژی جەژندا قەدەغەی هاتوچۆیە و کردنەوەی شوێنە گشتییەکانیش ڕێگەپێنەدراوە، بەڵام چەند کافتریایەکی شاری سلێمانی وەک ڕۆژانی ئاسایی خۆیان دەکەن و لیژنە هاوبەشەکانی قائیمامییەتیش دەڵێت، "ڕەنگە نەمانبینێت کە کراونەتەوە."

 

لە درێژەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دوای هەڵکشانی ژمارەی توشبووان لە هەرێم، حکومەت بڕیاری دا لەهەر سێ ڕۆژی جەژندا قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێبکرێت و بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە بەکردنەوەی شوێنە گشتییەکان نەدرێت.

 

لەگەڵ بوونی ئەو بڕیارەدا، بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تایبەت بە ناس کورد، کە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا کافتریایەک لەسەر شەقامێکی گشتیی لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، کراوەتەوە و نێرگەلە و خواردن و خواردنەوە پێشکەش بە سەردانیکەرانی دەکات.

 

ئەو شایەتحاڵەی کە گرتە ڤیدیۆییەکەی بۆ ناس کورد تۆمارکردووە، دەڵێت: "کافتریاکە زۆر بە ئاشکرا و وەک ڕۆژانی ئاسایی کرابووەوە، هەندێکجار ئۆتۆمبێلی ئاسایش و پۆلیس بەوێدا تێدەپەڕین، بەڵام هیچ کەس نەیدەپرسی بۆچی ئەم کافتریایە کراوەتەوە".

 

ناس کورد زانیویەتی جگە لەوە، چەند کافتریایەکی دیکەش لە شاری سلێمانی بەهەمانشێوە کراونەتەوە و هاووڵاتیان سەردانی دەکەن.

 

لەوبارەیەوە، گۆران قادر، ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دوێنێ کە یەکەم ڕۆژی جەژن بوو و ئەمرۆش بەردەوام لیژنەکانمان گەڕاون بەناو شاردا و چاودێرییان کردووە تاوەکو هەر سەرپێچییەک هەبێت ڕێی لێبگرن، بەڵام هیچ کافتریایەک نەبینراوە کە کرابێتەوە".

 

وتیشی، پێدەچێت لیژنەکانیان ئەو کافتریایە یاخود شوێنێکی دیکەیان نەبینیبێت کە کراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی ژمارەی لیژنەکانیان کەمە، ڕەنگە نەتوانن سەرجەم سەرپێچیکاران بدۆزنەوە.

 

ئەو ئەندامەی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ، یەک شوێنیان داخستووە و بەردەوامیش دەبن لەسەر گەڕان و بەدواداچوونەکانیان بۆ ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی سەرپێچی.

کردنەوەی هەندێک لەو جێگایانە لەکاتێکدایە، بەشێک لە کاسبکاران و هاوڵاتیانی دیکە بەهۆی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆوە ناتوانن کاربکەن و شوێنکارەکانیان بەداخراوی ماوەتەوە.

 

گرتنەبەری ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژندا، بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنایە لەهەرێم و بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە  گەیشتووەتە 496 تووشبوو، لەنێویاندا پێنج مردن هەیە و 403 نەخۆشیش چاکبووەتەوە.