گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەرجی سعودیە و ئیمارات چییە؟

عێراق هانا بۆ دراوسێ عەرەبەکانی دەبات.. ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی وردەکاری سەردانەکەى نێردراوی کازمی بۆ کەنداو دەخاتە ڕوو

2020.05.25 - 14:08
عێراق هانا بۆ دراوسێ عەرەبەکانی دەبات.. ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی وردەکاری سەردانەکەى نێردراوی کازمی بۆ کەنداو دەخاتە ڕوو

ناس کورد-

لەژێر فشاری دابەزینی نرخەکانی نەوت و قەیرانی دارایی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وا دیارە عێراق پەنای بۆ دراوسێ عەرەبەکانی بردووە بۆ چارەسەرکردنیان، هەوڵی کەمکردنەوەى قەرزەکانی کوەیت دەدات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە و ئیماراتیش بەهێز دەکات.

 

ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەبارەى سەردانەکەى عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانە بۆ کاروباری وزە و نەوت بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، عێراق پێشنیازی بۆ کوەیت کردووە لەو سێ ملیار دۆلارە خۆش بێت یاخود وەرگرتنەوەى دوابخات کە وەک قەرەبووی شەڕی 1990-1991 وەریدەگرێت.

 

ساڵی 2014 و لەکاتی شەڕی داعشدا کە دەستی بەسەر سێ بەشی وڵاتدا گرتبوو، عێراق دانەوەى ئەو پارەیەی ڕاگرت بەڵام ساڵی 2018 دەستی پێکردەوە، لەئێستا ساڵانە 3%ی داهاتی نەوت عێراق دەدرێت بە کوەیت، کێشەکە لەوەدایە دابەزینی نرخی نەوتیش کێشەى بۆ کوەیت دروست کردووە.

 

عەلی عەلاوی بە ڕۆژنامەکەى وتووە، "ئەو هەنگاوە هەوڵی زیادبوونی پارەى نەختینەیی دەدات، چەند ڕێکارێکی تریش دەگیرێتەبەر بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی."

  

سەردانێک بۆ وڵاتانی کەنداوە

هەینی ڕابردوو، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی سەردانێکی بۆ وڵاتانی کەنداو دەستپێکرد بە مەبەستی دورخستنەوەى وڵات لە قەیرانی دارایی و کێشەی دواکەوتن یان کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران.

 

عەلاوی چاوی بە وەزیرانی دارایی و وزە و دەرەوەى سعودیە کەوت لە ڕیاز و داوای کرد "پشتگیری دارایی بەپەلەی عێراق بکەن بۆئەوەى عێراق بتوانێت بەڵێنەکانی بۆ پێدانی موچە بباتەسەر"، عەلاوی چاوی بە چەند بەرپرسێکی کوەیتی و ئیماراتیش کەوت.

 

عەلاوی باسی لەوەشکردووە کە عێراق هەوڵ دەدات وەبەرهێنانی سعودیە لە کەرتی کارەبا و پەیوەندییەکان و کشتوکاڵ زیندوو بکاتەوە و ئاستەنگەکانی بەردەم دەستپێکردنی پڕۆژە بازرگانییەکان لاببات.

 

ڕونیشیکردەوە، "ئێمە لەژێر فشارێکی زۆری داراییداین، بۆیە دەبێت چاوبخشێنینەوە بە هەندێک لە بژاردەکانمان کە لە 17 ساڵی ڕابردوودا سەپێنراوە بە سەرماندا."

 

مەرجی سعودیە و ئیمارات چییە؟

لەلایەکی ترەوە، ئاژانسی هەواڵیی فەرمی کوەیت دەڵێت، عەلاوی نامەیەکی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە گەیاندووەتە بەرپرسانی وڵات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەردوولا.

 

هاوکات لە تویتەر، وەزیری دارایی سعودیە ڕایگەیاند کە "دانوستانەکانی نێوان هەردوولا جەختیان لەسەر بازرگانی و وەبەرهێنان کردووەتەوە."

 

بەپێی ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ، سعودیە و ئیمارات داوایان لە عێراق کردووە سنورێک بۆ دەستێوەردانەکانی ئێران دابنێت کە لە ساڵی 2003ەوە هەژموونی بەسەر سیاسەتی عێراقدا سەپاندووە.

 

عەلاویش جەختیکردووەتەوە کە گۆڕانکاری لە پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان لەسەر حسابی هیچ لایەنێکی تر نابێت بەڵکو پەیوەندی بە گۆڕانکاری سیاسەتەوە هەیە.

 

دەشڵێت، "پەڕەیەکی تەواو نوێ هەڵنادەینەوە، بەڵکو هەوڵ بۆ کردنەوەى چەند پەڕەیەکی جیاواز دەدەین."

 

هاوکات وەزارتی دارایی عێراق ڕەتیکردەوە لە سەردانەکەیدا سێ ملیار دۆلاری لە سعودیە قەرز کردبێت و دەڵێت، لەکاتی ئەنجامدانی پڕۆژەکانی سعودیە لە عێراق لەو پارەیە زیاتر دەست دەکەوێت.