گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆستەكانی لە پڕبایەخترینیانەوە بۆ كەمبایەخترینیان ڕیزكراوە

بڵاوکردنەوەى وێنەیەک لە ماڵپەڕی فەرمی خامنەیی هەرای ناوەتەوە.. سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لەکوێن؟

2020.05.25 - 13:40
بڵاوکردنەوەى وێنەیەک لە ماڵپەڕی فەرمی خامنەیی هەرای ناوەتەوە.. سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لەکوێن؟

ناس کورد-

بڵاوكردنەوەی وێنەیەك لە ماڵپەڕی فەرمی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە كە بریتیە لە كۆمەڵێك كەسایەتی شیعەی ئێران و ناوچەكە كاردانەوەی زۆری لێكەوتووەتەوە، بەشێک وای دەبینن وێنەكە گوزارشتە بۆ ڕیزكردنی دۆستەكانی ئێران بەپێی پڕبایەخترین و كەمبایەخترینیان.

 

ماڵپەڕی خامنەیی وێنەکەى لەژێر ناونیشانی "لە قودس نوێژ دەکەین" بڵاوکردووەتەوە، تێیدا حەسەن نەسڕوڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان لە پێشەوەیە و لە مزگەوتی ئەقسا و لەلای چەپیەوە ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی نوسینگەی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و شیخ محمەد ئەحمەد، موفتی گشتی قودس و لەپشتیشەوە زیاد نەخالەی، سەكردەی بزوتنەوەى جیهادی فەڵەستینیە و لەلای ڕاستی نەسڕوڵاشەوە عیسا قاسم پیاوی ئاینی شیعەی بەحرەینەوە وەستاوە، هەروەها ئیسماعیل ئاقانی، جێگری قاسم سولەیمانی و سەرۆکی حوسییەکانیش لە دواوە وەستاون.

 

ئامادەنەبوونی حەشد و سەدر

ئەوەی قسە و باسی لەدوای بڵاوكردنەوەی وێنەكە دروستكردووە، ئامادەنەبوونی چەند هاوپەیمانێكی ئێرانە لە عێراق لە وێنەكەدا، بەتایبەت سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەناویاندا موقتەدا سەدر.

 

بەپێی شیکردنەوەى کەناڵی حوڕەی ئەمریکی، خاڵێكی تری وێنەكە كە قسەو باس و ڕاڤەی ورژواندووە، ڕاوەستانی ئیسماعیل قانییە بەشان ئیبراهیم زاكزاكی، سەرۆكی گروپی شیعە ئیسلامیەكانی نەیجیریا و عەبدولمەلیك حوسیی و لەپشتیانەوە بەشار ئەسەد، ئەمە چەندین پرسیاری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەجۆرێك ڕێزبەستنی كەسایەتیەكان لەوێنەكەدا گرنگیدانی دۆستەكانی ئێران دەردەخات لە گرنگترەوە بۆ گرنگ بەتایبەت ئەوانەی كە دەكەونە پشتەوە بایەخیان كەمترە بەلای ئێرانەوە وەك ئەوانەی دەكەونە پێشەوە.