گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوزخورماتوو بە تەواوەتی کەرەنتینە کرا.. بەرپرسانی شارەکە لەڕێگەى ناس کوردەوە باسی دۆخەکە دەکات

2020.05.25 - 11:56
دوزخورماتوو بە تەواوەتی کەرەنتینە کرا.. بەرپرسانی شارەکە لەڕێگەى ناس کوردەوە باسی دۆخەکە دەکات

ناس کورد-

لەدوای تۆمارکردنی دوو حاڵەتی توشبوون بە كۆرۆنا لە دوزخورماتوو كە لەیەك خێزانن و بەركەوتەی زۆریان لەگەڵ خەڵكیدا هەبووە، بۆ ماوەی 48 كاتژمێر قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ لە شارەکە ڕاگەیەنرا.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی ئایاری 2020، شانەی ڕوبەڕوبوونەوەی قەیرانەكانی كۆرۆنا لە دوزخورماتوو بڕیاری دا بە داخستنی سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و قەدەغەکردنی هاتوچۆی كەسی هاوڵاتیانەوە.

 

لەوبارەیەوە، دكتۆر حەسەن زەینعابدەین، قائیمقامی دوزخورماتوو تایبەت بە ناس كوردی ڕاگەیاند، دوو حاڵەتەکە لە گەڕەکی حەی جمهوری تۆمارکراوە، بۆیە بڕیاری قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ درا و شارەکە بە تەواوەتی کەرەنتینە کرا.

 

زەینعابدین ڕوونیشی كردەوە، یەکێک لە دوو حاڵەتەکە منداڵی خاوەن بەنزینخانەیەكی شارەكەیە و بەركەوتەیەكی زۆریان لەگەڵ خەڵكدا هەبووە و ئەویی دیكەش خزمی ئەوانە بۆیە چەند ڕێو شوێنێكی توندی تەندرستی گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی زیاتر تەشەنە نەكات و لە كۆنتڕۆڵیش دەرنەچێت.

 

لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ناس كورد، قائیمقامی دوزخورماتوو وتیشی، "مەبەست لە قەدەغەی هاتووچۆ بۆ 48 كاتژمێر بۆ ئەوەیە خەڵكی شارەكە كۆمەڵایەتین و هەندێجار كەمتر دەتوانن پابەندی ڕێنمایەكان ببن."

 

زەینعابدین ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، گەر توشبووەكان لە دوو حاڵەتەوە بۆ زیاتر لە 10 تەشەنە بسێنێت لە شارەكەدا ئەوا ناتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت و لە شارەكەدا ئێستا تەنها پكشنینی ئەو دوو كەس پۆزەتیڤ دەرچووە و دەیانەوێت فریابكەون و تەشەنە نەكات.

 

باسی لەوەش كرد، دوای كۆتایهاتنی 48 كاتژمێرەكە چەند شوێنێكی گشتی لەوانە نانەواخانە و دەرمانخانە و چەند شوێنێكی پێداویستی تر دەكرێنەوە بەڵام جێبەجێكردنی ڕێنمایەكان بەردەوام دەبن.

 

حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە عێراق بەرەو بەرزبوونەوەیەکی بێوێنە دەچێت، ژمارەى گشتیی حاڵەتەکان گەیشتووەتە چوار هەزار و 470 حاڵەت، کۆی گشتییی مردووانیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتووەتە 160 کەس، ژمارەى چاکبووەکانیش گەیشتووەتە دوو هەزار و 728 کەس.