گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری دارایی ئەو فەرمانبەرانە ئاشکرادەکات کە پشکی شێری کەمکردنەوەی موچەیان بەردەکەوێت

2020.05.24 - 13:30
وەزیری دارایی ئەو فەرمانبەرانە ئاشکرادەکات کە پشکی شێری کەمکردنەوەی موچەیان بەردەکەوێت

ناس کورد-

وەزیری دارایی عێراق ڕەتیکردەوە هۆکاری دوایین سەردانی بۆ وڵاتی سعودیە مەبەست لێی قەرزکردنی سێ ملیار دۆلار بێت، دەشڵێت، فەرمانبەرە پلە باڵاکان بەهۆی قەیرانی داراییەوە پشکی شێریان بەردەکەوێت لە کەمکردنەوەی موچەکانیان.

 

ئەمڕۆ یەکشەمە 24ى ئایاری 2020، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی " شەرقولئەوسەت"ی سعودی ڕایگەیاند: "خاڵی لە پێشینەی سەردانەکەی بۆ سعودیە پەرپێدانی کەرتی کارەبای عێراق و چونێتی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە تۆڕی  کارەبای سعودیە و وڵاتی کوەیت وڵاتانی  کەنداو بووە، ئەوەش وادەکات جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ بودجەی گشتی عێراق بگرێنێتەوە".

 

عەلاوی ئاماژە بەوەشکردووە، ئەوان بە چاوێکی گرنگەوە دەڕواننە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی وڵاتی سعودیە لە عێراقدا، کار دەکەن بۆ پەرپێدانی ئەو وەبەرهێنانە لە کایە جیاوازەکانی عێراق و پێشبینیش دەکرێت گوژمەی ئەو پڕۆژانە لە سێ ملیار دۆلار زیاتر بێت. 

 

 وەزیری دارایی عێراق لە میانی لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامە سعودیەکە، ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردووەتەوە کە گوایە سەردانەکەی ئەو بۆ بەدەستهێنانی قەرز بووە لە سعودیە بەبڕی سێ ملیار دۆلار و وتی: " ئەو دەنگۆیانە ڕاست نیین،  گفتوگۆمان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی سعودیە کردوە لەبارەی قەبارەی ئەو وەبەرهێنانەی کە سعودیە بەنیاز لە عێراقدا ئەنجامیبدات".  

 

عەلاوی ئەوەشیخستوەتەڕوو، لە ئێستادا بودجەی گشتیی عێراق توشی کورتهێنانێکی زۆر بووەتەوە  کە هۆکارەکەشی دەگرێتەوە  بۆ دوو  هاوکێشەی نیگەرانکەر کە لەسەر بنەمای ئەو دوو هاوکێشەیە بودجەی عێراق بنیادنراوە ، یەکەمیان ناجێگیرە کە ئەوەش نرخی نەوتە کە لە ئێستادا هەڵبەز و دابەزێکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، دووەمیشیان جێگیرە کە ئەوەش موچە و شایستە داراییەکانی موچەخوران و خەنەنشینانە".

 

 وزیری دارایی عێراق داواشی لە فەرمانبەرانی عێراق کرد بە تایبەتی ئەو فەرمانبەرانەی کە بڕی موچەکانیان بەرزە ڕازی بن بەوەی کە پشکی شێریان بەرکەوێت لە کەمکردنەوەی موچەکانیان، ئەوەش لە پێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی بودجەی گشتی و ئاوەدانکردنەوەی وڵات و مسوگەرکردنی ژیان و بژیویی چینی هەژاران.  

 

 ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بەسەردانێکی فەرمی و لە سەر داواکاری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە وڵاتی سعودیە، چاودێرانی دۆخی عێراقیش پێیانوایە سەردانەکەی عەڵاوی بۆ سعودیە مەبەست لێی  دەستبەرداری عێراقە لە هاوردەکردنی گازی سروشتی  و تەزووی کارەبا  لە ئێران و ڕووکردنە سعودیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو دوو پێداویستییە کە بەگوێرەی زانیارییەکان سعودیە بەڵێنی ئەوەی داوە بەنرخێکی زۆر کەمتر لە ئێران کارەبا و گازی سروشتی بفرۆشێت بە عێراق.

 

هاوکات، بەشێک لە پەرلەمانتاران و چاودێرانی دۆخی سیاسیی عێراق، ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گوایە، عەڵاوی لە سەردانەکەیدا بەنیازە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و پێدانی موچەی فەرمانبەران بەبڕی سێ ملیار دۆلار قەرز لە وڵاتی سعودیە وەربگرێت.