گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا بەدوای پارە و سامانی داعشدا دەگەڕێت

2020.05.24 - 12:35
 ئەمریکا بەدوای پارە و سامانی داعشدا دەگەڕێت

ناس کورد-

شارەزایەکی ئەمنیی عێراقی ڕایگەیاند، ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆسەر چەند ناوچەیەکی سوریا بۆ دۆزینەوەی ئەو پارەو سامانەیە کە ڕێکخراوی داعش لەو ناوچانەدا حەشاری داوە.

 

هیشام هاشمی، شارەزای ئەمنیی عێراقی بە میدیا عێراقییەکانی ڕایگەیاند: "ئەمریکا لە ئێستادا بەدوای ئەو پارەو زێڕانەدا دەگەرێت کە ڕێکخراوی داعش لە ناوچەی دێرەزور لە سوریا شاردویەتییەوە".

 

وتیشی: "بەگوێرەی زانیارییەکان ڕێکخراوی داعش بڕی 200 مليۆن دۆلار و 15 تۆن زێری لە دێرەزور حەشارداوە، هۆکاری سەرەکی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکاش بۆسەر  ئەو شارە دۆزینەوەی ئەو پارە و زێرانە بووە". 

 

ئەو شارەزا ئەمنییە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر دێرەزور بووەتە هۆکاری کوشتنی چەند سەرکردەیەکی باڵای داعش وەک "ئەبو عەلی بەغدادی زاوی، والی باکوری بەغدا و ئەبو عەممار، بەرپرسی دەزگای لۆجستی و کۆمەکی ڕێکخراوی داعش".

 

هاشمی ئەوەشی خستوەتەڕوو: "بوونی ئەو دوو سەرکردەیەی داعش لەو ناوچەیەدا بووەتە جێگای پرسیار تێڕامان بۆ ئەمریکا، لەهەمانکاتیشدا کوشتنی ئەبوعەلی بەغدادی لەو ناوچەیەدا ئەوە دەسەلمێنێت کە تائێستا سەرانی داعش دەتوانن بە ئاسانی جموجۆڵەکانیان لە ناوچەکانی نێوان عێراق و سوریا ئەنجامبدەن".

 

 ڕوونیشکردوەتەوە: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ماوەیەکی زۆر بەدوای ئەو سامان و پارانەدا دەگەرێت کە لەماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی دێرەزور و ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات حەشاریداوە و بۆ ئەنجامدانی کردە سەربازییەکانی بەکاریدەهێنێت".