گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران دەیەوێت شکست بەنزیکبوونەوەی عێراق و سعودیە بهێنێت

2020.05.24 - 12:01
ئێران دەیەوێت شکست بەنزیکبوونەوەی عێراق و سعودیە بهێنێت

ناس كورد-

شرۆڤەکارێکی سیاسیی عێراقی ڕایگەیاند، لە ئێستادا ملیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراق کار بۆ ئەوە دەکەن شکست بە پڕۆژەی وەبەرهێنانی سعودیە لە عێراق بهێننن.

 

موجاهید تائی، شرۆڤەکارێکی سیاسیی عێراقی، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان ڕاگەیاند: " بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک تویت لە هەژمارە فەرمییەکانی ملیشیاکانی سەربە ئێران لەعێراق کە تێیدا هەڕەشە لە کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی سعودی ( ئەرامکۆ) دەکەن، مەرامی شکستهێنان بە پڕۆژەی وەبەرهێنانی سعودیەی لە عێراق لەپشتەوەیە".

 

 تائی ڕوونیکردوەتەوە: " لە ئێستادا ئێران بە هاوکاری باڵەکانی لە عێراق لە هەوڵی ئەوە دایە  شکشت بە نزیکبوونەوەی عێراق و سعودیە بهێنێت و ڕێگری لەوە بکات عێراق سودمەندبێت لە گازی سروشتی و تەزووی کارەبای ئەو وڵاتە ".

 

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە عێراقییە دەشڵێت: "ئێران دەیەوێت عێراق ناچار بکات تەنها ڕێگە بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی و تەزووی کارەبا هەر خۆی بێت و بەنرخێکی گرانیش پێی بفرۆشێت".

 

 ئەمە لەکاتێکدا کە عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق، هەفتەی ڕابردوو لەسەر داواکاری مستەفاکازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە وڵاتی سعودیە. 

 

چاودێرانی دۆخی عێراقیش پێیانوایە، سەردانەکەی عەڵاوی بۆ سعودیە مەبەست لێی  دەستبەرداری عێراقە لە هاوردەکردنی گازی سروشتی و تەزووی کارەبا لە ئێران و ڕووکردنە سعودیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو دوو پێداویستییە کە بەگوێرەی زانیارییەکان سعودیە بەڵێنی ئەوەی بە عێراق داوە، بەنرخێکی زۆر کەمتر لە ئێران کارەبا پێی بفرۆشێت.