گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چەند ڕێکارێکی تایبەت بە جەژنی بۆ هاووڵاتیان بڵاوکردەوە

2020.05.24 - 10:00
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چەند ڕێکارێکی تایبەت بە جەژنی بۆ هاووڵاتیان بڵاوکردەوە

ناس کورد-

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای لە هاووڵاتیان کرد لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن لە پەتای کۆرۆنا و مەودای نێوانیان لەیەک مەتر کەمتر نەبێت، جەختیش دەکاتەوە کە ڤایرۆسەکە لەڕێگەی بابەتە خۆراکییەکانەوە بڵاونابێتەوە.

 

لەگەڵ هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر جەختی لەو ڕێکارانە کردەوە کە دەبێت هاووڵاتیان لە ماوەی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا پەیڕەوی بکەن، لە هەمووی گرنگتر دورکەوتنەوەیە لە تێکەڵاوبوون و پابەندبوون بە مەودای نێوان هاووڵاتیان کە دەبێت لە یەک مەتر کەمتر نەبێت.

 

بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێگەی بابەتە خوراکییەکان و دەفرەکانیانەوە ناگوێزرێنەوە.  

 

ئەو ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییە، داواشی لە خەڵک کردوە لە کاتی بازارکردن لە ڕۆژانی جەژندا گرنگی بە پاگژەکردنی عەرەبانە و سەبەتەکانی بازارکردن بدەن وبەباشی خاوێنی بکەنەوە پێش ئەوەی بەکاربهێنن و بە هەموو شێوەیەکیش دووربکەونەوە لە دەستبردن بۆ چاو و لووتیان.

 

ڕێکخراوەکە جەختیشیکردەوە، گرنگترین هۆکار بۆ گواستنەوەی کۆرۆنا بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی توشبووانی کۆرۆنایە و پێویستە ڕچاوی ئەو خاڵە بکرێت.

 

لە ئێستادا بەگوێرەی دوایین ئامار توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە عێراقدا نزیکی سێ هەزار کەس دەبێتەوە و زیاتر لە 100 کەسیش تائێستا بە پەتاکە لە عێراق گیانیانلەدەستداوە.

 

هەرچی هەرێمی کوردستانیشە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ماوەی چەند ڕۆژێکە ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرونا هەڵکشانێکی زۆری بەخۆیەوە دیوە، بە گوێرەی ئامارەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە تائێستا 475 کەس توشی نەخۆشییەکە بوون و پێنح کەسیش بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکەوە مردون و هاوکات 402 کەسیش لە پەتاکە چاکبوونەتەوە و 54 نەخۆشیش لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە و چارەسەر وەردەگرن.

 

ئامارە جیهانییەکانیش سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە جیهاندا  ئاماژە بەوەدەکەن کە  ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە پێنح ملیون و370 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 342 هەزار کەسیش بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە. 

 

کۆرۆنا نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی کوشندەیە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک پەتای جیهانی پۆڵێنیکردوە، ئەو ڤایرۆسە تا ئێستا لە نزیکەی زیاتر لە 200 وڵاتدا بڵاوبووەتەوە.