گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێکی تەندروستیی عێراق: ئەو دەرفەتەی خوا پێیبەخشین بۆ ڕزگاربوون لە کۆرۆنا لەدەستماندا

2020.05.23 - 23:45
بەرپرسێکی تەندروستیی عێراق: ئەو دەرفەتەی خوا پێیبەخشین بۆ ڕزگاربوون لە کۆرۆنا لەدەستماندا

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەری تەندروستیی بەشی کەرخی شاری بەغدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 100 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون کە لە نێوانیاندا پەرستارو پزیشک هەن دەشڵێت، ترسی ئەوەیان هەیە ئەو دەرفەتەی کە خوا بەخشیبووی بە عێراق بۆ ڕزگاربوون لە پەتاکە لە دەستیاندابێت.

 

ئەمڕۆ شەممە 23ى ئایاری 2020، چاسپ حەجامی، بەڕێوەیەری تەندروستیی بەشی کەرخی شاری بەغدا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "لەئەمڕۆ بە دواوە هیچ ئامارێک دەربارەی توشبووانی کۆرونا بڵاوناکەمەوە، چونکە بڵاوکردنەوەی هیچ سودێکی نییە".

 

 ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەو ڕاپۆرتانەی کە ئەمڕۆ گەیشتونەتە دەستم ئاماژە بەوەدەکەن نزیکەی 100 حاڵەتی نوێی بەڤایرۆسەکە تۆمارکراوە کە لەنێوان توشبووەکاندا کەسانی بەتەمەن، پەرستار و پزیشک هەن وپەتاکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە هەموو ناوچەکان، گەڕەکەکان و گوندەکانی سەربە بەشی کەرخ  تەشەنەی سەندووە". 

 

بەڕێوەبەری تەندروستی بەشی کەرخی شاری بەغدا، لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەیدا بەنیگەرانییەوە باسی لە دۆخی تەندروستیی شاری بەغدا و بەشی کەرخ  کردوە و نوسیویەتی: "هەموو ڕێگایەکمان گرتەبەر بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندی پەتاکە و چەندین جار هوشداریماندا وخەڵکمان ئاگادارکردەوە لە مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە، بەڵام بە داخەوە هەموو هەوڵەکانمان بێ سوودبوون."

 

لەکۆتایدا حەجامی دەشڵێت:  "خوا دەرفەت و چانسێکی بێ هاوتای پێبەخشین کە تائێستا بە هیچ وڵاتێکی تر نەبەخشراوە، بەڵام ئێمە گۆێمان بەو دەرفەتە نەدا و فەرامۆشمانکرد، بۆیە دەترسم پاش لەدەستدانی ئەو چانسە لە چاوەڕوانی ڕۆژانێکی سەختدا بین".