ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوو بۆ لەسەرکارلابردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پۆستەکەی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەستی پێکردووە و دەشڵێت، پەرلەمان نەتیوانیوە لە سەروبەندی ئەو قەیرانانەی کە ڕووی لە وڵات کردووە بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە ڕۆڵی خۆی ببینێت.
میساق ئیبراهیم، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح-ی سەربە هادی عامری بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە: "جموجۆڵەکانی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ لە کارلابردنی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پۆستەکەی دەستی پێکردووە و لە ئێستادا کۆمەڵێک واژوو کۆکراونەتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆمەڵێک هۆکار وایکردووە پەرلەمانتاران ئەو هەنگاوە بنێن بۆ دورخستنەوەی حەلبوسی لە پۆستەکەی و دەڵێت: "لە ماوەی ڕابردوودا سەرباری ئەو هەموو قەیرانە قوڵانەی کە دوچاری وڵات بووەتەوە، پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیران و کێشەکان".
دەشڵێت: "پاشەکشەکردنی ئەدا و ڕوڵی پەرلەمانی عێراق لە کرانەوە بەڕووی قەیرانەکاندا بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی خودی حەلبوسییەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێش چەند ڕۆژێک، جەمال محەمەداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر-ی سەر بە حەیدەر عەبادی، بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندبوو: " 163 پەرلەمانتاری عێراق داوایەکیان بۆ حەلبوسی بەرزکردوەتەوە کە تێیدا داوایانیلکردووە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەست پێبکاتەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بە ئەنقەست داواکەیانی پێشیل کردووە".