گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەندراوی نووسینگەی بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی یەکێتی

2019.03.03 - 12:38
ڕاگەیەندراوی نووسینگەی بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی یەکێتی


ناس کورد-

 

نووسینگەی مەسعود بارزانی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كراوە.

 

ڕۆژی یەكشەممە 3ـی 3ـی 2019 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و شاندی یاوەری كە پێكهاتبوو لە ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەنداوێکی نووسینگەی بارزانی، "لە دیدارەكەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و جەختیش لە كاری جدی و بەردەوامیی ڕێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كرایەوە ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و گیانی برایەتی و هەست بە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەك، بە جۆرێك كە لە ئاست داواكاری و خواستی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت."