گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراكسیۆنی یەكگرتوو راگەیەندراوێكی لەبارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بڵاوکردەوە

2020.05.23 - 20:01
فراكسیۆنی یەكگرتوو راگەیەندراوێكی لەبارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم  بڵاوکردەوە

ناس کورد-

فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەرەندراوێك لەبارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بڵاودەكاتەوە و داوا لە حكومەت دەكات پەردە لەسەر سەرجەم قەرزەكانی هەڵبداتەوە و ئەو لایەنانە ئاشكرا بكات كە قەرزی لێوەرگرتووە  و بشڵێت كە ماوەی قەرزەكان چەندە و لە چی خەرجكراوە.

 

ئەمڕۆ شەممە 23ی ئایاری 2020، لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "چەند ساڵێكە داوای ئاشكراكردنی وردەكاری قەرزەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمەوە پشتڕاست كرابێتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نە لای پەرلەمانی كوردستان ونە لای هاوڵاتیان روون نیە، بەتایبەت كاتێك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتاری رۆژی 22 - 5 - 2020 دا ئاشكرایكرد كە هەرێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزدارە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " لە كاتێكدا راپۆرتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم و كۆمپانیای وردبینی دیلۆیت، دەستكەوتنی دەیان ملیار دۆلاری فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەخەنەڕوو هەروەها حكومەتی فیدراڵی عیراقیش رایگەیاند كە دەیان ملیار دۆلاریان بۆ هەرێمی كوردستان ناردوە لەساڵانی رابردوودا، ئەمە جگە لە داهاتە جۆراوجۆرەكانی دیكەی هەرێم".

 

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بۆیە بەپێویستی دەزانین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەردە لەسەر قەرزەكان و لایەنی لێوەرگیراو و ماوەی قەرزەكان و چۆنێتی خەرجكردنی لابدات، بەتایبەت لەسەرووبەندی رێكکەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدرالی عیراقدا كە هیوادارین شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی لێبكەوێتەوە و شەفافیەت و هەندێك سەقامگیری بۆ بژێوی هاونیشتیمانیان بگێرێتەوە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی، 22ی ئایاری 2020، لە وتارێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک قەرزی کابینەکانی پێشووی بەسەردا کەوتووە و قەرزەکەش 27 ملیار دۆلارە.