گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باس لە بەڵێنی ’’هەلی کار’’ دەکات

قوباد تاڵەبانی گەشبینە ’’بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا’’ چونکە لە هەموو کات زیاتر نزیکن

2020.05.23 - 18:35
قوباد تاڵەبانی گەشبینە ’’بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا’’ چونکە لە هەموو کات زیاتر نزیکن

ناس کورد-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامیکدا باس لە پێویستی تەبایی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دەکات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى قەیرانی دارایی هەرێم و دەڵێت، ئێستا لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغدا لە هەمووکات زیاترە و گەشبینین بە گەیشتن بە رێككەوتن .

 

ئەمڕۆ شەممە، 23ی ئایاری 2020، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەى جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە دەڵێت، "لەسەرەتای ئەمساڵەوە كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، كاریگەریی خراپیان لەسەر بەرنامەكانی حکومەت بۆ چاکسازی و بنیاتنانەوە و ڕەخساندنی هەلی كار دانا، گرنگیدانی ئێمەشی گۆڕی بۆ پاراستنی تەندروستی و دابینکردنی موچە".

 

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستووەتەروو: "حكومەتی هەرێم، بەخودی سەرۆکی حکومەت و بەندە و وەزیرە بەڕێزەکانەوە، بە هەموو توانامانەوە لە هەوڵدا دەبین بۆ دابینکردنی موچە و چارەسەركردنی ڕیشەیی ئەم كێشەیە، لەم پێناوەشدا كاری پێویستمان كردوە بۆ ڕێككەوتنی گشتگیر و دادپەروەرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەند".

 

دەربارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا، جێگری سەرۆکی حکومەت کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکار دەکات، باسی لەوەکردووە: "دانوستانەكانمان لەگەڵ بەغدا چڕتر کردووەتەوە و ئێستا لێکتێگەیشتن لە هەمووكات زیاترە و گەشبینین بە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ كابینەکەی بەڕێز مستەفا كازمی بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکان".

 

قوباد تاڵەبانی لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "لەدوای 2014ەوە گیرۆدەی جۆرەها قەیران بووین، بەڵام هیچ كات بێخەم نەبووین و هەموو دەرفەتەكانمان قۆستۆتەوە بۆ چاكسازی و خاوكردنەوەی گرژییە سیاسییەكان و لەڕێی یەکگرتوویی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیمان قەوارەی هەرێمەکەمان بپارێزین و لەکێشەی ناوخۆیی بەدووری خەین".

 

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆماری بایۆمەتری و بە ئەلەکترۆنیکردنی هەندێ لە كارەكانی حکومەت، پڕۆژەی خزمەت و وردبینیکردنی داهاتی نەوت و یاسای چاکسازی بەشێک لەو هەوڵانە بوون كە خەریكە وردە وردە کاریگەرییەکانیان بۆ هەموو لا ئاشكرا دەبێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتیشدا، توانرا یاسای چاکسازی بەکردەیی پەسەند بکرێت.

 

جێگری سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەئێستاشدا وێڕای خەمی دابینكردنی موچە، ئەرك و خەمی حكومەت بونیادنانی ژێرخانی ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزاری شایستە و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، ئەم هەنگاوانەش بەبێ دروستکردنی متمانە سەرناگرێت، نابێت دەرفەتەکان بەهۆی ململانێی ناتەندروست و بارگرژی سیاسییەوە لەكیس بدەین، پێویستمان بە دروستکردنەوەی تەباییە لەنێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیان، لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و دواجاریش لەنێوان هەرێم و بەغدا".

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی نوسیویەتی: "خوازیارم جەژن ببێتە بۆنەیەك بۆ ئاشتەوایی سەرانسەری، بۆ پتەوكردنی تەبایی نێوانمان، جارێکیتر جەژنی هەموو لایەك پیرۆز بێت بەتایبەت خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان و پەرستشی رۆژووەوانانیش قبوڵ بێت و هەمووان پارێزراو و تەندروست بن".

 

پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە قەیرانی ئابورییەوە و شەوی ڕابردوو، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، حکومەت 27 ملیاری دۆلار قەرزارە، لەمکاتەشدا ناکۆکی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت بەتایبەتی پارتی و یەکێتی بە گەرمی دەستیپێکردووە.