ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستی هەرێم تۆمارکردنی پێنج توشبووی تری لە قەزای ئاکرێ لە دهۆک ڕاگەیاند کە سەرجەمیان پیاون و لە بەغدا گەڕاونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە، 23ی ئایاری 2020، وەزارەتەکە دەڵێت، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای دهۆک دەستنیشانکران."
دەشڵێت، "هەموویان پیاون و دانیشتووی قەزای ئاکرێن، پیشەیان پاسەوانییە لەسەر میلاکی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و تەمەنیان 38، 37، 37، 36 و 30 ساڵن، دوای تەواوبوونی دەوامیان لە شاری بەغدا و گەڕانەوەیان و وەرگرتنی نمونەی پشکنینی تاقیگە، دەرەنجام پۆزەتیف دەرچوون.
ئەوە دووەم ڕاگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستییە لەبارەى توشبووانەوە، هەر ئەمڕۆیەك تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای ھەولێر دەستنیشانکرا کە پزیشکێکی شاری هەولێرە و تەمەنی 38 ساڵە لە ڕەگەزی نێر.
وەک وەزارەت دەڵێت، ئەو کەسە قوتابی خوێندنی باڵا (بورد- دکتورا)یە بۆ پسپۆڕی هەناو لە نەخۆشخانەکانی شاری بەغدا دوای گەڕانەوەی و وەرگرتنی نمونەی پشکنینی تاقیگە دەرەنجام پۆزەتیف دەرچوو.
بەو شێوەیە، ژمارەى گشتیی توشبووان لە هەرێم گەیشتە 467 توشبوو، لەو ژمارەیە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام 386 کەسیان کە دەکاتە 86%ی کۆی توشبووان نەخۆشییەکەیان پەڕاندووە و چاکبوونەتەوە.