گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەوقافی هەرێم ڕونکردنەوە دەدات لەبارەى ئەنجامدانی نوێژی جەژن

2020.05.23 - 17:54
ئەوقافی هەرێم ڕونکردنەوە دەدات لەبارەى ئەنجامدانی نوێژی جەژن

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایگەیاند، هەر بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە تەندروستی هاوڵاتیانی هەرێمەوە هەبێت پابەندی دەبن و دەشڵێت، بڕیاری ڕێگەنەدان بە ئەنجامدانی نوێژی جەژن لەسەر داوای ئەنجومەنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای پاڕێزگاکان بووە. 

 

ئەمڕۆ شەممە، 23ی ئایاری 2020، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "قەدەغەی گشتی سەرتاسەری لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و نوێژی جەژنیش سونەتە، لە هیچ ناوچە و ئیدارە و پارێزگایەک ڕێگەپێدراو نییە و هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت". 

 

لەوبارەیەوە نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک وەزارەتی ئەوقاف پابەند دەبین پێیەوە".

 

وتیشی: "بڕیاری ڕێگەنەدان بە ئەنجامدانی نوێژی جەژن لە پارێزگاکان و شارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر داواکاری  لیژنەی ئۆپراسیۆنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بووە کە پێش چەند ڕۆژێک ئەو داوایەیان ئاڕاستەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و ئەوقاف کردبوو".

 

وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆدا ئاماژەی بەوەشکرد، مەترسییەکانی کۆرۆنا لە ئێستادا زۆر لە جاران بەهێزترە، چونکە سەرچاوەکەى نادیارە و مەترسی ئەوەشیان هەیە کە ژمارەیەکی زۆرتری توشبوو لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا تۆمار بکرێت.  

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرونا لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە، بە گوێرەی دوایین ئاماریش لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە تائێستا 461 کەس توشی نەخۆشییەکە بوون و پێنح کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیانلەدستداوە، هاوکات 385 کەسیش لە پەتاکە چاکبوونەتەوە و تەنها 71 توشبوو لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە و چارەسەر وەردەگرن.