گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاوێژكارى ئابوریی سەرۆكوەزيران: كەمكردنەوەى موچە هەمووان دەگرێتەوە

2020.05.23 - 17:36
ڕاوێژكارى ئابوریی سەرۆكوەزيران: كەمكردنەوەى موچە هەمووان دەگرێتەوە

ناس کورد-

ڕاوێژكارێکی ئابوریی سەرۆكوەزيرانى عێڕاق دەڵێت، لە ڕێوشوێنەكانى دەستكاریكردنى موچە هيچ كەسى لێ بەدەر ناكرێت و جياكارى تێدا نییە.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح بە ئاژانسى هەواڵى عێراقيیەی وتوە، ئەگەر ڕەزامەندى درا لەسەر جێبەجێكردنى كەمكردنەوەى موچە ئەوا كەسى لێ بەدەر ناكرێت تەنها دوو حاڵەت نەبێت، يەكەميان دەستنەبردنە بۆ موچەى بنەڕەتى فەرمانبەران، هەروەها پاراستنى كەمترين موچەى ئەوانەى 500 هەزار دينار و بەرەو خواوەرەوە وەردەگرن.

 

باسى لەوەشكردوە، لەكاتى دەستكاریكردنى موچە بەپێى بڕگەى دەرماڵەكان دەبێت بەتايبەتى ئەوانەى دەرماڵەيان زۆر بەرزە و دواتر دێتە خوارەوە بۆ ئەوانى تريش و هەر كەسێك موچە لە دەوڵەت وەرگرێت دەيگرێتەوە.

 

ڕاوێژكارى ئابوریی سەرۆكوەزيران دەشڵێت، گۆڕانكاريەكە بەڕێژەيەكى گونجاو دەكرێت و سەقفێكيش بۆ زۆرترين موچە بەپێى پلەى وەزيرى دادەنرێت و موچەكان لەو سەقفە تێناپەڕن داهاتى حكومەت هەرچەندە ببێت.

 

پێشتريش عەلى عەبدولئەمیر عەلاوى، وەزیرى دارایی عێراق وردەکاریی کەمکردنەوەى موچەى چەند چینێکى فەرمانبەرانى ئاشکرا کردبوو کە بەشێوازى کەمکردنەوە یاخود پاشەکەوت دەبێت و وتبوى، کەمکردنەوەى موچە، پلە باڵاکان دەگرێتەوە، کە نیوەى بودجە بۆ موچەکانیان دەڕوات و فەرمانبەران و خانەنشینان ئەوانەى پلە نزمن و موچەکەیان 500 هەزاردینارە ناگرێتەوە.

 

ڕونيشيكردەوە، ئەوانەى بەهەدەردان تێیاندا هەیە لە دابینکردنى دەرماڵەى پلە باڵاکان کەمکردنەوەکە دەیانگرێتەوە و چینێکى نزیک لە پلەى پێنجەمى وەزیفى هەوڵ دەدرێت زیانیان بەرنەکەویت بەڕادەى کەمتر یاخود پاشەکەوتیان بۆ دەکرێت ئەوەش دەخرێتە سەر بیمەى تەندروستى و نیشتەجێکردن .