گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆحانى بە میرى قەتەردا پەیامێکى ’’هەڕەشە ئامێزى’’ ئاڕاستەى ئەمریکا کرد

2020.05.23 - 15:38
ڕۆحانى بە میرى قەتەردا پەیامێکى ’’هەڕەشە ئامێزى’’ ئاڕاستەى ئەمریکا کرد

ناس كورد-

حەسەن ڕۆحانى، سەرۆککۆمارى ئێران بە میرى قەتەردا پەیامێکى "هەڕەشە ئامێزى" ڕەوانەى ئەمریکا کرد لەبارەى کێشەى کەشتییە نەوتییەکانى کاریبییەوە.

 

بەپێی میدیاکانى ئێران، ڕۆحانى لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ تەمیم بن حەمەد، میرى قەتەر ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەى دەستپێشخەر نابێت لە ڕوودانى هەر ململانێ و کێشەیەکدا، بەڵام بەرگرى لە مافى ڕەواى خۆى دەکات بۆ پاراستنى سەروەرى و یەکێتى خاکەکەى.

 

جەختیشیکردوەتەوە، ئەگەر ئەمریکا ببێتە هۆى دروستکردنى کێشە بۆ کەشتییە نەوت گوێزەرەکانى ئێران لە ناوچەى کاریبى و هەر ناوچەیەکى دیکە، وەڵامى هاوشێوەیان دەدەنەوە.

 

ڕۆحانى هیواى خواستوە ئەمریکییەکان هیچ هەڵەیەک نەکەن، لەبەرئەوەى ئەوان وەڵامیان دەدەنەوە و ڕێوشوێنەکانى ئەمریکا لەهەندێ شوێنى جیهان لەلایەن ئێرانەوە ڕەت دەکرێتەوە.

 

هەروەها ئەوەى خستوەتەڕوو، ئەمریکا بەردەوامە لە گرتنەبەرى "ڕێگاى نادروست و مامەڵەى نامرۆیی" سەرەڕاى ئەو بارودۆخەى جیهان پێیدا تێدەپەڕێت بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە.

 

ڕۆحانى ئامادەیی وڵاتەکەى نیشانداوە بۆ کارکردن لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بە ئامانجى گەرەنتیکردنى ئاسایشى هەرێمایەتى.

 

لاى خۆیەوە، میرى قەتەر جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەى ئاسایشى هەرێمایەتى لە ڕێگەى هاریکارى نێوان وڵاتانى ناوچەکەوە بەدی دێت و پێویستە ئەو کارە بکرێت بۆ گەرەنتیکردنى ئاسایشى ڕێڕەوە ئاوییەکانى کەنداو.