گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گێمى دووەمى ڕەتکردنەوەى موچەى خانەنشینى.. کام پەرلەمانتار و فراکسیۆن ڕەتییان کردووەتەوە؟

2020.05.23 - 15:07
گێمى دووەمى ڕەتکردنەوەى موچەى خانەنشینى.. کام پەرلەمانتار و فراکسیۆن ڕەتییان کردووەتەوە؟

ناس کورد-

هێشتا زۆربەى پەرلەمانتارانى کوردستان هەڵوێستى خۆیان لەبارەى ڕەتکردنەوەى موچەى خانەنشینى پەرلەمانتارى ڕانەگەیاندووە، جگە لە ژمارەیەک پەرلەمانتارى کەم، ئەوەش دواى ئەوەى سەرۆکى  دیوانى پەرلەمان گشتاندنێکى لەو بارەیەوە ئاڕاستەى پەرلەمانتاران کرد.

 

بەپێی گشتاندنەکە کە 21ی ئەم مانگە ئاڕاستەى سەرجەم پەرلەمانتاران کرا، بەپێی پڕۆژەى چاکسازیی، هەر پەرلەمانتارێکى خولى ئێستا و خولەکانى پێشوو دەتوانێت رێوشوێنى تایبەت بە دەستبەرداربوونى ئارەزمەندانە لە موچەى خانەنشینى بگرێتەبەر  لەبەروارى یەکى تەمموزەوە بۆ ماوەى 30 رۆژ.

 

لەدواى گشتاندنى ئەو نوسراوەوە تا ئێستا، جگە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ و چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕان، هیچ فراكسیۆن و پەرلەمانتارێكی خولی ئێستا و خولەكانی ڕابردوو هەڵویستی خۆیان ڕانەگەیاندووە.



لەگەڵ بڵاوكردنەوەی نوسراوەكەی سەرۆكی دیوانی پەرلەماندا، مژدە مەحمود، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە هەژمارى خۆى فەیسبوكی جەختیکردەوە، لەگەڵ هاوڕێکانیان یەکەم کەس دەبن ئەم فۆڕمە پڕ دەکەنەوە و خانەنشینی ڕەت دەكەنەوە.

 

جگە لە چوار پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و سێ پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان كە ئەوانیش شیرین ئەمین و شایان عەسكەرى و عەلى حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان، هیچ پەرلەمانتارێكی دیكەی ئەم خولە و پەرلەمانتارە خانەنشینەكانی خولەكانی ڕابردوو هەڵوێستی خۆیان بۆ ڕەتكردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران ڕانەگەیاندووە.

 

شایان عەسكەری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان كە كاتی تێپەڕاندنی یاساكە ڕەتكردنەوەی خانەنشنیەكەی ڕاگەیاند بە ناس كورد وت، "بەڵێ خانەنشینی ڕەت دەكەمەوە وپێمخۆشە بگەڕێمەوە بۆ سەر كارەكەم هەرچەندە لە خولەكانی پێشوو گەڕانەوە بۆ سەر كاری پێشوو كێشەی هەبووە، هیوادارم لەم خولەدا و لە یاسای چاكسازیی چارەسەر كرابێت و كاری پێبكرێت".

 

وتیشی، لە نوسراوەكەی پەرلەماندا ئەوە باسكراوە تا 1ی مانگی حەوت ناتوانن دەستبكەن بە ڕێكارەكان بۆ ڕەتكردنەوە، بەڵام بڵاوكردنەوەی نوسراوەكە لەئێستادا "جێگەى پرسیارە".



لەبارەی هەڵوێستی فراكسیۆنەكەیانەوە لەسەر ڕەتكردنەوەی خانەنشینی، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتی، "لەدوای جەژن فراكسیۆن لەسەر ئەو پرسە كۆدەبێتەوە بەڵام زۆربەیان ڕەتیانكردووەتەوە".



لەکاتى گفتوگۆکان لەسەر پرۆژەیاساى چاکسازیی لە خانەنشینى موچە و دەرماڵە، پرسی ڕەتکردنەوەى خانەنشینى پەرلەمانتاران زۆرترین مشتومڕى دروستکرد، تا دواجار لە یاساکە ئەوە جێگیرکرا کە ئارەزمەندانە بێت.



عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان بە ناس كوردی ڕاگەیاند، "هێشتا هیچ شتێك لەبارەی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتارانەوە باسنەكراوە و چاوەڕوانی هەنگاوەكانی فراكسیۆنەكەیانن لەو بارەوە ئەوكات هەڵوێستیان ڕادەگەیەنن".