گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لامەرکەزى بەبێ پارە هیچ گرنگییەکى نابێت

لیژنەى لامەرکەزى سلێمانى وەڵامى مەسرور بارزانى دەداتەوە.. ’’داراییشمان دەوێت’’

2020.05.23 - 14:39
لیژنەى لامەرکەزى سلێمانى وەڵامى مەسرور بارزانى دەداتەوە.. ’’داراییشمان دەوێت’’

ناس کورد - ڕۆژیار سیروان 

لیژنەى ئامادەکارى پرۆژەى سیستەمى لامەرکەزیەت لە سلێمانى سوورە لەسەر وەرگرتنى دەسەڵاتى لامەرکەزى کارگێرى و دارایی، لەکاتێکدا سەرۆکى حکومەتى هەرێم جەختیکردەوە کە ئەوان لەگەڵ لامەکەزیەتى کارگێڕیدان.

 

نزیکەى مانگێکە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ داڕشتنى پڕۆژەیاساى تایبەت بە لامەرکەزى کارگێڕی و دارایی، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى پارێزگاکە کۆبووەتەوە.

 

 لیژنەکە دواى تەواوکردنى کۆبوونەوەکانى بریاری داوە پەلە بکەن لە ناردنى ڕەشنووسی پڕۆژەکە بۆ ئەنجومەنى وەزیران و سوورن لەسەر وەرگرتنى دەسەڵاتى لامەرکەزى کارگێرى و دارایی، لە کاتێکدا دوێنێ هەینى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەت هەر هەوڵێکى بۆ لامەرکەزیەتى دارایی ڕەتکردەوە.

 

هاوسەر هوشیار، ئەندامى لیژنەى لامەرکەزی لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بە بڕواى من پڕۆژەى لامەرکەزى بەبێ دارایی هیچ گرنگیەکى نابێت بۆیە لیژنەکە دەست دەکات بە ئامادەکردنى ڕەشنوسی پڕۆژەى لامەکەزی بۆ کارگێرى و دارایی".

 

وتیشى، "سوورین لەسەر پڕۆژەکەمان و بەو میکانیزمەى سەرجەم حزبە سیاسیەکان لەسەری ڕێکەوتوون ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیرانى دەکەین".

 

ئامانج لە هەوڵەکەى ئەنجومەن، پرسی لامەرکەزى دارایی و دەرهێنانى دەسەڵاتى خەرجکردنى داهاتى پارێزگاکانە لە ناوەندەوە بۆ ئیدارەى پارێزگاکان، بەتایبەت کە ئێستا حکومەت لە قەیراندایە و دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران دواکەوتووە.

 

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم دوێنێ لە وتارێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، کار دەکەن بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان، کە گونجاو بێت لەگەڵ سیستەمی یاسایی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان.

وتیشی، ئەرک و بەرپرسیارێتی بە پێی یاسا و لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت، دابەش دەکرێت، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە ئەنجامدانی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئیداری و سەرهەڵدانی فرەچەشنی دەسەڵات لە دەرەوەی دامودەزگاکانی هەرێم.



هاوسەر هۆشیار وتى، "پێشتر ئەو بەرچاو ڕونیەمان هەبووە بۆ کاردانەوەى حکومەت بەوجۆرە، چونکە پڕۆژەکە وەرگرتنى دەسەڵاتى کارگێرى و داراییە لە سەرۆکى حکومەت بۆیە ئاسان نییە، کەسانێکى زۆر هەبووە بەربەستیان دروست کردووە ڕاشکاوانە بوترێت بەدەست هێنانى ئەو دەسەڵاتە شەڕی ئەوێت  لەگەڵ دەسەڵات".



لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستان سەرجەم داهاتەکان دەگەرێنرێتەوە وەزارەتى دارایی و پاشان دابەشدەکرێت بۆ موچەى فەرمانبەران و پڕۆژەکان، بەڵام ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى دەیەوێت داهاتى پارێزگاکان راستەوخۆ لەلایەن ئیدارەى پارێزگاکانەوە خەرجبکرێت.  



هاوسەر هۆشیار جەختیکردەوە، دواى جەژن هەوڵ دەدەن پەلە بکرێت لە ناردنى ئەو پڕۆژە یاساییە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران،  "لە ئەگەری ڕەتکردنەوەى هەموو هەوڵێک ئەوکات بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و ئەگەر پێویستی بە فشارى پەرلەمان و شەقامیش هەبێت دروستی دەکەین تا دەچەسپێت". 

 

پرسى لامەرکەزى لە هەرێمى کوردستان بەپێی یاسایەک ڕێکخراوە کە ساڵى 2009 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەندکراوە، لەسەر بنەماى ئەو یاسایەش ساڵى 2014 هەڵبژاردنى پارێزگاکان بەرێوەچوو.  

 

لە ساڵى 2017ەوە ئەمە دووەم هەوڵى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییە لەو بارەیەوە، بەڵام هەوڵەکەى پێشوو بێ ئەنجام بوو.



ڕێکەوت زەکى، ئەندامى لیژنەى پڕۆژەى لامەرکەزى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "لامەرکەزى کارگێرى دەسەڵاتت ئەداتێ لەسەر کاغەز ئەگەر دەسەڵاتى خەرجیەکانت نەبێت و پارەت بە دەستەوە نەبێت هیچ بەهایەکى نییە".

 

وتیشى، "دەبێت هەموو ئەو حزبانەى بانگەشەى لامەرکەزیەتی کارگێڕیى و دارایی  دەکەن هەڵوێستێکى هاوبەشیان هەبێت لە ئەگەری ڕازینەبوونى سەرۆکى حکومەت بەو شێوازەى ڕێککەوتنى لەسەرکراوە".

 

ڕێکەوت زەکى باسی لەوەکرد، ئێستا چارەکێک لە تەمەنى کابینەى نۆیەمى حکومەت تێپەریووە، "بەڵام بەپێچەوانەى بڕیارەکانى حکومەت هەنگاوى توندکردنەوەى مەرکەزیەتى داوە لەبری لامەرکەزى".

 

ڕونیشیکردەوە، "سەرۆکوەزیران دەستەیەکى دروستکردووە بۆ ئەوەى سەرجەم دەروازە سنووریەکان لە وەزارەتى دارایی وەرگرێتەوە و ڕاستەخۆ ببەستێتەوە بە سەرۆکوەزیرانەوە، ئەمە بێجگە لە وەزارەتى سامانەسروشتیەکان سەرچاوەیەکى داهاتە لەلایەن خودى سەرۆکى حکومەتەوە ئیدارە دەدرێت بەبێ وەزیر".

 

رێکەوت زەکى جەختیکردەوە، هەوڵەکانى سەرۆکى حکومەت وادەکات وەزارەتەکان بەرەو بچووک بوونەوە بچن و سەرۆکیش بەرەو دەسەڵاتى رەها "ئەبێت بپرسین ئایا ئەمەیە هەنگاوەکانى کابینەى نۆیەمە بۆ جێبەجێکردنى لامەرکەزی".