گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى جیهانى زەنگى مەترسى لێ دەدات.. سەرچاوەیەکی نوێی کۆرۆنا

2020.05.23 - 12:24
تەندروستى جیهانى زەنگى مەترسى لێ دەدات.. سەرچاوەیەکی نوێی کۆرۆنا

ناس کورد-

لە کاتێکدا چەند وڵاتێکى جیهان دەستیانکردووە بە سوککردنی ڕێوشوینەکانى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا کە زیاتر لەدوو مانگە تەشەنەى کردووە، بەڵام هۆشدارى لە ناوەندێکى نوێتر بۆ بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە لەچەند ناوچەیەکى ئەمریکاى لاتین دەدرێت.

 

لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بەڕێگاى ئۆنلاین، مایکڵ ڕاین، بەرپرسى حاڵەتە کتوپڕەکان لە ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ڕایگەیاند، ئەمریکا باشور دەبێتە ناوەندێکى نوێ بۆ بڵاوبونەوەى پەتاکە و واشی دەبینن کە ژمارەى توشبووان لە ژمارەیەک وڵاتى ئەمریکاى باشوور زیاد بکات.

 

ئەو بارودۆخە نوێیە ڕاڕایى دروست کردووە لەسەر ئەو وڵاتانە بەتایبەت وڵاتى بەرازیل کە زیانمەندترینینان دەبێت.

 

بەرازیل

زیاتر لە 330 هەزار توشبوو تۆمار کراوە و هەروەها زیاتر لە 21 هەزار کەسیش بەهۆى کۆرۆناوە مردوون، ئەمەش واى کردووە ببێتە دووەم وڵاتى زیانمەند بەپەتاکە لەدواى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە.

 

زۆربەى توشبووان دەکەونە ناوچەى ساو پاولۆەوە، بەڵام ژمارەى توشبووان بەپێى ژمارەى دانیشتووان گەورەترین ناوچەیە لە ویلایەتى ئەمازۆن کە 490 کەس لە هەر هەزار کەسێک توشبووە و ئەوەش ژمارەیەکى زۆرە.

 

ژمارەیەک لە زاناکانى بەرازیل دەڵێن، ئامارە فەرمییەکان پێچەوانەى واقیعى تەشەنەکردنى پەتاکەن و پێنج جاریش کەمترە لەسەر ئاستى ڕاستییەکەى واتا ژمارەى توشبووان دەگاتە نزیکەى چوار ملیۆن کەس.

 

پیرۆ

بەپێى ئامارە فەرمییەکانى وەزارەتى تەندروستى تا ئێستا لە پیرۆ زیاتر لە 108 هەزار حاڵەتى توشبوو و زیاتر لە سێ هەزار مردووش بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە تۆمارکراوە.

 

پیرۆ لەدواى بەرازیل دووەم وڵاتى زیانمەندى کۆرۆنایە لە ئەمریکاى لاتین.

 

ئیکوادۆر

بەوتەى وەزیرى تەندروستى ئەو وڵاتە، ئیکوادۆر لەناو وڵاتە زیانمەندەکانى قەیرانى کۆرۆنایە لە ئەمریکاى لاتین.

 

بەپێی ئامارەکان، سێ هەزار و 56 حاڵەتى مردن بە کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکراوە و حاڵەتى توشبوونیش گەیشتووەتە 35 هەزار و 828 حاڵەت.

 

پێشتریش سەرۆکى ئیکوادۆر دانی بەوەدانا کە حکومەتەکەى ڕوبەڕووى گرفتى زۆرى لەڕادەبەدەرى تەرمى قوربانیانى کۆرۆنا بووەتەوە بەهۆى شکستى سیستمى تەندروستى و نەبوونى شوێنى تایبەت لەگۆڕستانەکان بۆ بەخاکسپاردنیان.

 

ئەرژەنتین 

سەرۆکى ئەرژەنتین لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چڕى توشبوون بە ڤایرۆسەکە کەوتووەتە ئەو ناوچانەوە کە ژمارەى دانیشتوانیان زۆرە، لەناویاندا ناوچەکانى سەر بەپایتەختى وڵات کە نزیکەى 14 ملیۆن نیشتەجێبووى تێدایە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، لەسەر ئاستى نیشتیمانى پایتەخت بەرێژەى 86%ى دانیشتوانەکەى تووشى ڤایرۆسەکە بوون و بووەتە ناوەندێکى سەرەکى بۆ تەشەنەکردنى ڤایرۆسەکە.

 

دوێنیش حکومەت بڕیارى کردنەوەى هەندێ شوێن و دەستپێکردنەوەى چەند چالاکیەکى دا لەدواى پەنجا ڕۆژ لە ڕاگەیاندنى کەرەنتینەکردنى هاوڵاتیان.

 

مەکسیک 

وەزارەتى تەندروستى ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ژمارەى مردن ڕێکۆردى شکاندووە و تائێستا زیاتر لە 479 حاڵەتى مردن لە ڕۆژێکدا تۆمار کراوە و کۆى تووشبووان گەیشتووەتە 62 هەزار و 527  و حاڵەتى مردنیش شەش هەزار و 989 کەسى تێپەڕاندووە.

 

مەترسى برسێتى لە ئەمریکا لاتین

ڕێکخراوى فاوى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پەتاکە دەبێتە هۆى بڵاوکردنەوەى برسێتى و هەژارى لە ئەمریکاى لاتین.

 

دەشڵێت، ئاسایشى خۆراک لە ساڵانى دوایدا لەو ناوچانە بووەتە قەیرانیکى نوێ و کاریگەریشى بۆ سەر وڵاتانى ترى ناوچەکە دەبێت.

 

بەپرسانى ڕێکخراوەکە داواش دەکەن، فریاى ئەو ناوچەیە بکەون بۆ ئەوەى قەیرانە تەندروستیەکە نەگۆرێت بۆ قەیرانى خۆراک و برسێتى.