گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ڤیدیۆکان بڵاودەکەینەوە’’

گروپی ’’تۆڵەکردنەوەى موهەندیس’’ بەرپرسیارێتى دوو هێرشى دژى ئەمریکا لە عێراق گرتەئەستۆ

2020.05.23 - 12:01
گروپی ’’تۆڵەکردنەوەى موهەندیس’’ بەرپرسیارێتى دوو هێرشى دژى ئەمریکا لە عێراق گرتەئەستۆ

ناس کورد-

گروپێکى "تۆڵەکردنەوەى ئەبومەهدى موهەندیس لە عێراق بەرپرسیارێتى ئەنجامدانى دوو هێرشى موشەکى بۆ سەر هێزەکانى ئەمریکا ڕاگەیاند.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەیاندا گروپێک بەناوى لیواى تۆڵەکردنەوەى موهەندیس، بەرپرسیارێتى هێرشکردنە سەر هێزەکانى ئەمریکاى لە بنکەى سەربازیی فاکتری لە بەغدا ڕاگەیاند کە ڕۆژى چوارشەممەى پێشوو، 6ى ئایارى 2020، ئەنجام درا.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، هێزى بەرگریی ئاسمانیان توانیویەتى فڕۆکەیەکى ئاسمانى ئەمریکا لە جۆرى شینۆک بە دوو موشەک بپێکێت لە دەوروبەرى بەغدا لەڕێکەوتى 17ى نیسانى 2020.

 

ئەو گروپە باسى لەوە کردووە، بۆ سەلماندنى ئەو دوو هێرشەى کە ئەنجامیانداوە بەڵگەی ڤیدیۆییان لەبەردەستدایە و لەکاتێکى دیکەدا بڵاوى دەکەنەوە.

 

لەدواى کوژرانى ئەبو مەهدى مومەهەندیس، جیگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى و قاسم سولەیمانى، فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران لە سەرەتاى ئەمساڵدا لە هێرشێکى ئاسمانى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکادا لە بەغدا، هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق ڕوویان لە زیادبوون کرد.

 

ئەمریکا چەند جارێک بە هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانى گروپە چەکدارییەکان لە عێراق وەڵامى هێرشەکانى داوەتەوە.