گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێنج راسپاردەى ئاڕاستەى حکومەت کرد

یۆنامى ئامارى خۆپیشاندەرانى ڕفێنراوى لە عێراق ئاشکراکرد

2020.05.23 - 11:03
یۆنامى ئامارى خۆپیشاندەرانى ڕفێنراوى لە عێراق ئاشکراکرد

ناس کورد-

نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامى)، ژمارەى خۆپیشاندەرانى ڕفێنراوى لە عێراق ئاشکراکرد و پێنج راسپاردەشى ئاڕاستەى کابینەکەى مستەفا کازمى کرد.

 

یۆنامى ئەمڕۆ شەممە لە ڕاپۆرتى چوارەمیدا لەبارەى خۆپیشاندانەکانى عێراقەوە ئاماژەى بەوەکردووە، لەنێوان یەکى تشرینى یەکەم بۆ 21ى ئازارى 2020، 123 حاڵەتى ونبوون و بێسەروشوێن بوون تۆمارکراون، کە 98 کەسیان دۆزراونەتەوە و تا ئێستاش چارەنوسى 25 کەسیان نادیارە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەدواى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکان لەسەرەتاى تشرینى یەکەمدا، نەتەوەیەکگرتووەکان گیان لەدەستدانى 490 چالاکوان و برینداربوونى 7,783 کەسى دیکەى تۆمارکردووە. زۆربەى خۆپیشاندەران گەنجانى بێکار بوون، داوایاندەکرد مافە دارایی و کۆمەڵایەتییەکانیان پێبدرێت، خۆپیشاندانەکانیش تا دواى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا بەردەوام بوون.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، نەبوونى لێپرسینەوە لەبارەى ئەو کردەوانە، تا ئێستاش بووەتە هۆى بڵاوبونەوەى دیاریدەى دەربازبوون لە سزا.

 

جينين هينيس- بلاسخارت نوێنەرى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق وتى "پێکهێنانى لیژنەى گەڕان بەدواى راستییەکان لەلایەن حکومەتەوە هەنگاوێکى یەکلاکەرەوەیە  بەرەو بەدیهێنانى دادپەروەرى و لێپرسینەوە، پابەندبوونى حکومەت بۆ دابینکردنى چارەسەرى پزیشکى بۆ خۆپیشاندەرە بریندارەکان و قەرەبووکردنەوەى کەسوکارى قوربانیان کارێکى گرنگە".

 

وتیشى "کردەوەکانى رفاندن و ونبوون پێشێلکارى و بە ئامانج گرتنى چالاکوانانى خۆپیشاندانەکانە، لەگەڵ کردەوەکانى کوشتنى بە ئەنقەست، تەقەکردن و هێرشکردنە سەریان بە چەقۆ، هەڕەشەلێکردن و ترساندن".

 

بلاسخارت باسى لەوەکردووە، هیچ کەسێک لەوانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردوون زانیارییان نەبووە لەسەر ئەو کەسانەى بەرپرسن لە رفاندنیان، سەرەڕاى ئەوەى زۆربەیان وتویانە پەیوەندیان بە میلیشیاکانەوە هەیە.

 

یۆنامى لە راۆپۆرتەکەیدا پێنج راسپادەى ئاڕاستەى حکومەت کردووە کە پێکهاتوون لە، هەوڵدانى خێرا بۆ دۆزینەوەى بێسەروشوێنەکان، گرتنەبەرى رێوشوێنى خێرا بۆ پاراستنى خۆپیشاندەران، لێکۆڵینەوە لەسەرجەم حاڵەتەکانى رفاندن و ونبوون و ئەشکەنجەدان، ئاشکرکردنى ناسنامەى ئەوانەى ناسراون بە هێزى نادیار یان گروپە چەکدارەکانى بەرپرسیار لە کردەوەکانى رفاندن. رونکردنەوەى هەیکەلى فەرماندەیی و چوارچێوەى لێپرسینەوە لە دامەزراوەى ئاسایشى عێراقى.