گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاڵا تاڵەبانى: ڕێكکەوتن لەسەر هەندێ پرس ئەستەمە

عێراق و ئەمریكا دانوستان لەسەر پێنج دۆسیەی هەستیار دەکەن

2020.05.23 - 09:07
عێراق و ئەمریكا دانوستان لەسەر پێنج دۆسیەی هەستیار دەکەن

ناس کورد-

 

ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، لەسەر پێنج دۆسیەی هەستیاری سەربازی و ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری بەغدا و واشنتۆن زنجیرەیەك دانوستان ئەنجامدەدەن.

 

ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بەمیدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، لەدانوستانەكان كە بڕیارە نیوەی مانگی حوزەیران بەڕێوەبچن لەگەڵ واشنتۆندا عێراق پێنج دۆسییە دەخاتە بەرباس.

 

ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، دۆسییەكان بریتین لە هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی و داهاتووی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق و پرسی چەكداری و ڕاهێنانەكانی سوپا و تەوەری ئابوری ، سەرباری پرسەكانی پەیوەست بەكەرتی ڕۆشنبیرییەوە.

 

ئاڵا تاڵەبانی ڕونیشی كردووەتەوە، لێكتێگەیشتنەكان لەسەر ئەو پرسانە سەربازی و ئابوری و ڕۆشنبیری دەبێت.

 

بەوتەی تاڵەبانی، نوسینی ڕێكکەوتنی نوێ لەسەر بنەمای هاریكاری هاوبەشی هەردوولا لەزۆر بواردا دەبێت، ئەوەش لەپێناو ڕێكخستنی قۆناغی دوای ڕزگاربوون لەتیرۆر.

 

بیرۆكەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن بۆ پێش دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە كاتێك چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریكا سەردانی عێراقیان كرد و پێشنیاری گرێدانی زنجیرەیەك كۆبونەوەیان كرد.

 

ئەندامەكەی لیژنەی پەیوەندییەكان هۆكاری ئەنجامنەدانی ئەو كۆبونەوانە لەكاتی خۆیدا بۆ بوونی بارودۆخی هەرێمی و هەندێ ڕوداوی سیاسی و ناكۆكیەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێوە دەگەرێنێتەوە.

 

تاڵەبانی ئەوەشی دركاندووە، چەند خاڵێكی جێ مشتومڕ هەن كە لەدانوستانەكاندا دێنە سەر ڕێگە بەتایبەت بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانیەكان و لەسەر هەندێ پرسیش گەیشتنە ڕێكکەوتن ئەستەمە.

 

باسی لەوەشكردووە، وەزارەتی دەرەوە توانای ڕێكکەوتنی لەگەڵ ئەمریكیەكاندا بەتەنها نیە بێ هاریكاری لایەنە پەیوەندارەكانی دیكە، لەبەر ئەوەی وەزارەتەكە ئەركی جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتانەی لەسەر شانە كە ئەنجومەنی وەزیران دایدەڕێژێت.

 

ئاڵا تاڵەبانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سیاسەتی ئیستای عێراق ئەوەیە پشتیوانی هیچ وڵاتێك لەدژی وڵاتێكی تر ناكات بەڵكو هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوانیاندا دەدات.

 

"هەر ڕێكکەوتنێك لەگەڵ ئەمریكادا دەبێت هاوسەنگی پەیوەندیەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بپارێزێت و خزمەتی بەرژەوەندییەكانی عێراق بكات و نابێت بەهاوسۆزی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا بكرێت" ئاڵا تاڵەبانى وایوتووە.