گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سبەینێ لە سۆران دەکرێتە جەژن؟

ئەوقافى سۆران لەبارەى گرتە ڤیدیۆییەکە رونکردنەوە بە ناس کورد دەدات

2020.05.22 - 23:53
ئەوقافى سۆران لەبارەى گرتە ڤیدیۆییەکە رونکردنەوە بە ناس کورد دەدات

ناس کورد- ئاکۆ حەمەد رابی

درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی، 22ی ئایارى 2020) لە قەزای سۆران گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژە بە بینینی مانگ دەکرێت، لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران گومان دەخاتە سەر ڕاستى و دروستی ئەو بابەتەو دەڵێت" لەهەموو کوردستان و جیهانی عەرەبی و ئیسلامی مانگ نەبینراوە خێرە لە سۆران بینراوە، بۆیە ئەمە جێگەی گومانە".

 

د. پشتیوان حسێن سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران بە ناس کوردی ڕاگەیاند" من وەک بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران کاتژمێر 9:15خولەک لە بینینی مانگ ئاگادارکرامەوەو پەیوەندیان پێوەکردم و پێیان ڕاگەیاندم کە ڤیدیۆیەک بڵاوبۆتەوەو مانگ بەڕونی دەبینرێت، مادام شتێکی وەها بوایە پێویستبوو ئەو کەسە پەیوەندی بەخۆمەوە یان بە لیژنەی باڵای بینینی مانگ بکردبایە".

 

ڕونیشیکردەوە کە" ئەو کەسانەی چاودێری مانگ دەکەن پێویستە ئەزمونیان هەبێت، هەروەها دەبێت دوو کەسیش شاهیدی بەڕاست بدەن و بڵێن مانگمان بینیوە ئەوکات لیژنەی باڵای بینینی مانگ دەتوانن بڕیار بدەن".

 

بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە ئێمە بە چاوی گومانەوە سەیری ئەو گرتە ڤیدیۆیە دەکەین، عەجەبە لەهیچ وڵاتێکی ئیسلامی و عەرەبی مانگ نەبینراوە تەنها لەسۆران نەبێت، ئەمە بەلای ئێمەوە گوماناویە".

 

ئاماژەی بەوەشدا کە وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی باڵای بینینی مانگ پشت بەوکەسانە دەبەستێت کە ئەزمونی بیست ساڵ زیاتریان هەیە لە چاودێریکردنی بینینی مانگ.

 

باسی لەوەشکرد کە ئەو ڤیدیۆیە جێگەی گومان و پرسیارە، ئەگەر سەیری گرتە ڤیدیۆیەکەش بکرێت دەبینین کە مانگەکە سێ شەویە نەک یەک شەوە.

 

بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران وتیشی"بۆ ئەوەی ئەو بابەتی گرتە ڤیدیۆیە لێکدانەوەی هەڵەو خراپی بۆ نەکرێت و دووبەرەکی دروست نەبێت پێویستە هەمومان پابەندی لیژنەی باڵای بینینی مانگ بین و سبەی شەممە تەواوکەری مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە.

 

هاوکات سەرۆكى رێكخراوى فەلەكناسى كوردستان رونکردنەوەیەکى لەبارەى ئەو گرتە ڤیدۆیەیە بڵاوکردەوە کە لەلایەن هاووڵاتییەکى قەزاى سۆرانەوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا بانگەشەى بینینى مانگ دەکات لەسنورى قەزاى سۆران.

 

لە رونکردنەوەیەکى ڤیدیۆیدا کە لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک بڵاوى کردۆتەوە، ئەژى چەتۆ حەسەن سەرۆكى رێكخراوى فەلەكناسى كوردستان ئاماژە بەوە دەکات " ئەو گرتە ڤیدیۆیە فەیکە و ئەو هاووڵاتییە مەبەستى بووە خەڵک چەواشە بکات".

 

دەشڵێت " ئەو هاووڵاتییە ناتوانێت خەڵک چەواشە بکات و هەرچەندە خەڵکێکى زۆر وەڵامى چەواشەکارییەکانیان داوەتەوە".

 

ئەژى چەتۆ ئاماژەى بەوە کرد " هیلالى یەک شەوە بەو شێوەیە دەرناکەوێت و ئەو خاوەنى کامێرایەکى پرۆفیشناڵ و باشە و توانیوویەتى زووم بکات لەسەر هەسارەى زوهرە و هەسارەکەى هێناوەتە پیش و ئێستا لەحاڵەتى هیلالدایە و ئەوەى ئەو هاووڵاتییە بڵاوى کردۆتەوە و هەسارەى زوهرەیە و مانگ نییە."