گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کیم دووبارە ونبووەوە.. دەڵێن: سەرقاڵی پلاندانانە

2020.05.22 - 15:43
کیم دووبارە ونبووەوە.. دەڵێن: سەرقاڵی پلاندانانە

ناس کورد-

ناوەندێکی شیکاری کۆریای باشور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکور لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا کەمترین دەرکەوتنی گشتی هەبووە،هاوکات شیکەرەوەیەکی پسپۆڕ لەکاروباری کۆریای باکور دەڵێت، ئون سەرقاڵی پلاندانانە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشە.

 

بەگوێرەی شیکارییەکی ناوەندی "ریسک گروپ"ی کۆریای باشور، کیم جۆن ئۆن لە ماوەی مانگی نیساندا تەنها چوار جار دەرکەوتوە و لەمانگی ئایاریشدا هیچ دەرکەوتنێکی نەبوە، ئەمە لەکاتێکدا لەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردودا 27 جار دەرکەوتووە.

 

ناوەندەکەی کۆریای باشور، بەراوردێکی لە نێوان دەرکەوتنی کیم لە ماوەی  دوو مانگی ڕابردوودا و دەرکەوتنی لە ماوەی هاتنەسەر حوکمی لەکۆریای باکور لە ساڵی 2011 کردووە، بەراورد بە ساڵی 2017 کەمترین دەرکەوتنی هەبوە کە لەکۆی ساڵەکەدا کە تەنها 21 جار دەرکەوتووە، بەوەش کیم  لە ئێستادا ڕیکۆردی کەمترین دەرکەوتنی شکاندوە.

 

هاوکات ڕۆژنامەی "جۆنگ ئینگ ئابۆ"ی کۆریای باشورلەوبارەیەوە بڵاویکردوەتەوە، ئەگەری هەیە کیم سەرقاڵی جێبەجێکردنی هەندێک ئەرک بێت لە ڤێلایەکی لە شاری( ونسان) لە سەر کەناری دەریا.

 

لای خۆشییەوە، ڕاشێل مینیۆنگ، شیکەرەوەیەکی پێشوو پسپۆر لە کاروباری کۆریای باکۆرلە حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: "پێدەچێت کیم لە ئێستادا سەرقاڵی پلاندان بێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری، سیاسی و ناوخۆیی وڵاتەکەی کە بەڵێنی دابوو چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا".

 

هاوکات، دێنس ڕۆدمان، ئەفسانەی یاری باسکەی ئەمریکی و هاوڕێی نزیکی کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کوریای باکور کە لە ساڵی 2013 وە بووەتە هاوڕێی کیم لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی کەناڵێکی بەریتانیدا وتی : "ئەگەر یوجۆنگ، خوشکی کیمتان لە سەر شاشەکانی تەلەفزیۆندا بە زۆری بینی ئەو بزانن کە شتێک هەیە".

 

دەرباری پرسیارێک ئایا ئەگەری هەیە یوجۆنگ، ببێت بە جێگرەوەی براکەی؟، لەوەڵامدا ڕۆدمان دەڵێت :"من ناڵێم دەبێت بە جێگرەوەی براکەی، بەڵام دەبێ بزانن یو جۆنگ پێش کیمی برای سەردانی کۆریای باشوری کرد، ئەگەر بینیتان فەرمانڕەوای کۆریای باکوری کرد ئەوا شتێکی سروشتییە، چونکە یوجۆنگ لە هێڵی دووەمی پشتەوەی براکەیەتی".  

 

دوای ئەوەی کیم جۆنگ ئۆن، مانگی ڕابردو خۆی لەچاوی خەڵک ونکرد و دەنگۆی نەخۆشکەوتن و مردنی بڵاوبوەوە، ئەوە سێ هەفتەیە جارێکی تر دیارنەماوەتەوە.