گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی دەیەوێت لەڕێگەی سعودییەوە عێراق لە گێژاوی قەیرانی دارایی ڕزگاری بکات

2020.05.22 - 14:39
کازمی دەیەوێت لەڕێگەی سعودییەوە عێراق لە گێژاوی قەیرانی دارایی ڕزگاری بکات

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، سەردانەکەی وەزیری دارایی عێراقی بۆ سعودیە بە گرنگ وەسفکرد و ڕایگەیاند، سعودیە وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بۆیە دەتوانێت دەستی هاوکاری بۆعێراق درێژ بکات، بەپێی زانیاری میدیا عێراقییەکانیش، وەزیری دارایی داوای هاوکاری دارایی لە سعودیە دەکات.

 

موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە ماڵپەڕی"سومەریە نیوز"ی وتووە: "سەردانەکەی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بۆ شانشینی سعودیە بەشێکە لە هەنگاوەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانیدا".

 

 ئاماژەی بەوەکردووە: "وڵاتی سعودیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پرسی دابەزینی نرخی نەوتەوە هەیە، بۆیە تاوتوێکردنی ئەو دۆسێیە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا کارێکی گرنگە، بەتایبەتی سعودیە وڵاتێکی دەوڵەمەندە و سەنگی خۆی لە ناوچەکەدا هەیە و توانای هاوکاریکردنی عێراقیشی هەیە".

 

باسیلەوەشکردووە: "ئەگەری هەیە وەزیری دارایی عێراق لە سەردانەکەیدا گفتۆگۆ لەسەرچەندین دۆسێی دیکەدا بکات وەک پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی عێراق لە تەزووی کارەبا و گازی سروشتی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بری ئێران و بەنرخێکی کەمتر".

 

دوێنێ پێنجشەممە 22ی ئایاری 2020، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لەسەر داوای مستەفاکازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەسەردانێک گەیشتە وڵاتی سعودیە. 

 

 بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکان، بڕیارە لەو سەردانەدا عەلاوی داوای یارمەتی دارایی لە وڵاتی سعودیە بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەی کە ئێستا تەنگی بەعێراق هەڵچنیوە بەتایبەتی چارەسەرکردنی گرفتی موچەی فەرمانبەران.