گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بوارى موگناتيسى زەوى لاواز بووە و هۆشدارى لە كارەسات دەدرێت

2020.05.22 - 08:43
بوارى موگناتيسى زەوى لاواز بووە و هۆشدارى لە كارەسات دەدرێت

ناس کورد-

 

زانايانى گەردونناسى ئاشكراى دەكەن، بوارى موگناتيسى زەوى لاواز بوە كە بەرپرسيارە لە پاراستنى هەسارەى زەوى و هۆشداريش دەدەن لە ڕودانى كارەسات.

 

ئەو زانايانە ئاماژەيان بەوەداوە، لەماوەى دوو سەدەى ڕابردودا بوارى موگناتيسى زەوى 10%ى هێزەكەى لەدەستداوە، بەڵام لاوازبونەكە لە ناوچەى ئەفريقا بەرەو ئەمريكاى باشور زياد دەكات.

 

بەپێى زانياريەكان، بوارى موگناتيشى زەوى كە هەسارەكە لە تيشكە زيانبەخشەكانى خۆر دەپارێزێت لە ناوچەكانى باشورى زەرياى ئەتڵەسى هێزەكەى كەميكردوە، بەڵام لەماوەى 50 ساڵى ڕابردودا ئەو ناوچە لاوازە بەرەو خۆرئاوا كشاوە و زيادى كردوە.

 

زانايان باس لەوەدەكەن، لاوازبونەكە كێشەى هونەرى بۆ مانگە دەستكردەكان و كەشتيە ئاسمانيەكانيش كە بە دەورى زەويدا دەسوڕێنەوە دروست دەكات.

 

دكتۆر يۆرگن ماتزكا لە ناوەندى لێكۆڵينەوە ئەڵمانى بۆ زانستى زەوى بە ماڵپەڕى سكاى نيوزى وتوە، لەماوەى دەيەى ڕابردودا ئەو لاوازبونە موگناتيسيە لە باشورى زەرياى ئەتڵەسيەوە دەركەوتوە، بەڵام لە چەند ساڵى ڕابردودا بە بەهێزى لاوازبونەكە زيادى كردوە.

 

رونيشيكردوەتەوە: 'بەختمان هەيە مانگى دەستكرد لە بۆشايى ئاسمان هەيە بۆ لێكۆڵينەوە لە گەشەسەندنەكانى ئەو دياردەيە، ئێستا تەحەدا ئەوەيە لەو پرۆسانە تێبگەين كە لە دڵى زەويدا ڕودەدەن و دەبێتە هۆى ئەو گۆڕانكاريە".

 

زانايان پێيانوايە، ئەگەرى هەيە گۆڕانكاريەكانى هەردوو جەمسەرى باشور و باكورى زەوى هۆكارى ئەو لاوازبونەوە بێت، بەڵام ئەو گۆڕانكاريەش لە ماوەيەكى كورتدا ڕونادات و لەوانەيە دوو سەدەى پێ بچێت.

 

ئاژانسى ئاسمانى ئەوروپى ڕونيكردوەتەوە، ئەو دياردەيە پێشتريش ڕويداوە و هەسارەى زەوى گۆڕانكاريەكى هاوشێوەى بەخۆيەوە بينيوە لە مێژوى خۆيدا، لاوازى بوارى موگناتيسى زەوى لە باشورى زەرياى ئەتڵەسى لە ئاستى سروشتيدايە.