گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاوێژكارى ئابورى سەرۆكوەزيران: دابينكردنى موچەى مانگى حوزەيران كێشەيەكى گەورەيە

2020.05.21 - 22:55
ڕاوێژكارى ئابورى سەرۆكوەزيران: دابينكردنى موچەى مانگى حوزەيران كێشەيەكى گەورەيە

ناس کورد-

 

ڕاوێژكارى ئابورى سەرۆك وەزيرانى عێراق دەڵێت، حكومەت لە سێ بانك قەرزى كردوە بۆ دابينكردنى موچەى ئەم مانگە و دابينكردنى موچەى مانگى حوزەيران كێشەيەكى زۆر گەورەيە.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقيە وتی: "داهاتى مانگى ئايار كەمتر بوە لە دوو ترليۆن دينار، لەكاتێكدا پێويستمان بە پێنج ترليۆن دينار هەيە بۆ دابينكردنى موچە و خەرجيەكانى ترى دەوڵەت، داهاتە نانەوتيەكان زۆر كەمە و گەيشتوەتە 100 مليار دينار لەمانگێكدا". 

 

باسى لەوەشكردوە، حكومەت موچەى ئەم مانگەى دابين كردوە ئەويش لەڕێگەى قەرزكردن لە سێ بانكەوە، ئاليەتێكى ديارى كراو هەيە ئەويش تەنها بۆ دابينكردنى موچە، بەڵام كێشەيەكى گەورەيە هەيە لە چۆنێتى دابينكردنى موچەى مانگى حوزەيران، بەتايبەتى كە داهاتى نەوت لەمانگى ئاياردا زۆر كەم بوە. 

 

ڕاوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، تيمێك پێكهێنراوە كار دەكەن بۆ دابينكردنى موچەى مانگى حوزەيرانيش.

 

رونيشيكردوەتەوە، چاكسازى دارايى هەيە كە بريتيە لە چاوخشانەوە بە موچە بەرزەكاندا و لەهەمان كاتدا پاراستنى موچە نزمەكانى فەرمانبەران كە موچەيەكى كەم وەردەگرن، هەروەها تواناى بەرزكردنەوەيان.

 

باسى لەوەشكردوە، موچەى مانگى شەش بەپێى سيستمى چاكسازى دارايى دابەش دەكرێت، لە ئێستاشدا حكومەت بوجەى مانگانە بەكاردەهێنێت نەك تايبەت كراو.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەى بەوەشداوە، ليژنەى باڵاى چاكسازى دارايى و ئابورى كار دەكات بۆ بنيادنانەوەی هەندەسەى دارايى گشتى لە عێراق بەشێوەيەكى دروست و ڕێكخستنەەوەى بەپێى پێودانگە نوێكان.