ناس کورد-
لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە هەولێر سێ کەس گیانیانلەدەستدا و چوار کەسیش برینداربوون، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش دەڵێت، هۆکاری ڕووداوەکە خێرایی زۆر و پێچاوپێچی ڕێگاکە بووە.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردەوەی: "کاتژمێر 2:00ی پاش نیوەرۆی ئەمرۆ لەسەر رێگای کۆنی مەلائۆمەر- هەولێر پێکدادانێکی رووبەروو لەنێوان کرۆلایەکی تاکسی و پیکابێکی دەبل ڕوویدا و لەئەنجامدا شوفێری هەردوو ئوتومبێلەکە وسەرنشینێک گیانیانلەدەستدا و چوار سەرنشینیش برینداربون، جگە لەوەی وەزیانێکی زۆری مادیش کەوتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "هۆکاری کەوتنەوەی روداوەکە خێرایی لەرادەبەدەری هەردوو ئوتومبێلەکە و هەروەها خراپی و پێچاوپێچی رێگایەکە بووە کە وایکردبوو هەردوو ئوتومبێل یەکتریان لێ دیارنەبێت تا زۆر لەیەکتر نزیک نەبوبونەوە، لەبەر ئەوەی هەردوکیشیان لەلاینی خۆیان هێڵی خۆیان لایاندابوو و لەناوەندی شەقامەکە رۆیشتبوون کە تاکسایدە و بۆهاتن وچوون بەکاردێت،بۆیە هەردوکیان بەکەمتەرخەم دانران".