گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەدواداچوونێکی ناس کورد؛ سەرۆکی پەرلەمان ناتوانێت سۆران عومەر ڕزگار بکات.. ڕێگایەک هەیە

2020.05.21 - 16:43
بەدواداچوونێکی ناس کورد؛ سەرۆکی پەرلەمان ناتوانێت سۆران عومەر ڕزگار بکات.. ڕێگایەک هەیە

ناس کورد-



دوای ئەوەی سۆران عومەر داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کرد بڕیاری لابردنی پارێزبەندی لەسەری ڕەتبکاتەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی ناس كورد، لەدەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندا نیە ئەو کارە بکات، هاوکات بۆچوونی ڕێواز فایەق لەسەر دیوە "نایاساییەکەی" کۆبوونەوەکەی 7ی ئایار ئاشکرادەکات.

 

بەوتەی یاساناسێكی عێراقیش سۆران عومەر ڕێگایەکی لەبەردەمدا هەیە و  دەتوانێت پەنا بۆ دادگای فیدڕاڵی عیراق ببات، بەوپێیەی بۆچونی لەسەر بوونی گەندەڵی دەربڕیوە، ئەوەش تاوان نیە و دەچێتە چوارچێوەی دەربڕینی بۆچوونەوە.

 

"سەرۆکی پەرلەمان ناتوانێت بڕیارەکە ڕەتبکاتەوە"

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئایاری 2020، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر دۆسییەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوایەكی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان كرد كە كار بە ئەنجامی ئەو دانیشتنە نەكرێت كە بەوتەی ئەو (نایاسایی و سیاسی )بووە.

 

لەبەدواداچونێكی ناس كورد لەسەر لایەنە یاساییەكانی داواكاری ئەو پەرلەمانتارە، دەردەکەوێت کە سەرۆكی پەرلەمان ناتوانێت داوكاریەكە جێبەجێ بكات.

 

بەپێی چەند سەرچاوەیەك کە لەپەرلەمانی كوردستانەوە زانیارییان لەسەر پرسەكە بەناس كورد داوە، لەدەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نیە ئەنجامی ئەو كوبونەوە و بڕیارە ڕەتبكاتەوە یاخود هەڵیبوەشێنیتەوە، چونكە پرۆسەكە بەدەنگدان بەڕێوە چووە.

 

لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەیدا، سۆران عومەر ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان لەو دانیشتنەدا پێشێلكراوە بەهۆی ئەوەی خۆی ئامادە بووە دەسەڵاتەكانی بەنایاسایی لەلایەن جێگرەكەیەوە كە پارتیە بەكارهێنراوە، بۆیە بڕیارەكەش لەسەر بنەمایەكی دروستی یاسایی نەبووە، چونكە سەرۆكی پەرلەمان نە واژۆی لەسەر كارنامەكە كردووە و نە جێگرەكەشی ئەو دەسەڵاتەی هەیە.

 

سەرچاوەكانی ناس كورد ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، پارتی بیانوویەكی لەوەدا هەیە ئەویش ئەوەیە لەكۆبوونەوەی 23ی حوزەیرانی ساڵی 2015 كە پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامیدا، جەعفەر ئیمینكی، جێگری سەرۆكی پێشووی پەرلەمان واژووی لەسەر كارنامەكە نەكرد و لەكۆبونەوەكەشدا ئامادە نەبوو، بەڵام لەناو بینای پەرلەماندا بوو.

 

هەر بەپێی بەدواداچونەكانی ناس كورد، لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا ڕێگەی بەدوو كەس داوە لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبونەوەكە بەڕێوەببەن بەڵام باسی زۆرینە نەبێت ناتوانرێت بەڕێوەبچێت.

 

ناس کورد زانیویەتی، سەرۆكی پەرلەمان پێیوایە: "لەوەدا نایاسایی كراوە كە خۆی ئامادەبوو لە پەرلەمان، بەڵام واژووی نوسراوەكان كراوە و كۆبونەوەكە بەرێوەچووە". 

 

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت، نایاسایی و ناشارستانیە لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆك خۆی ئامادە بووە و دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگرەكەیەوە بەكارهاتووە و پێشیلی پەیڕەو كراوە.

 

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان بەناس كوردی ڕاگەیاند،  ناڕوونیەك لەو پرسەدا هەیە لەڕووی یاساییەوە، چونكە لەهیچ شوێنێكی پەیڕەوی ناوخۆدا ئاماژە بۆ ئەوە نەكراوە كە لەكاتی ئامادەبوونی سەرۆك لەناو پەرلەماندا جێگرەکەی بتوانێت واژوو لەسەر بڕیار و نوسراوەکان بکات.

 

ووتیشی: " بۆنمونە مادەی 8 لەبڕگەی 11 زۆر بەڕاوشكاوی دیاری كردووە كە ئەركی سەرۆكی پەرلەمانە واژوو لەسەر نوسراوە فەرمییەكان بكرێت كە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ دەزگای جێبەجێكردن ڕەوانە دەكرێت". 

 

ڕوونیشی كردەوە، ئەو دەسەڵاتانەی كە جێگرەكەی دەتوانێت پیادەی بكات، ئەوا بەپێی پەیڕەو دەبێت كە سەرۆك لەسەر خواستی خۆی دەسەڵاتەكانی پێبدات، یاخود خۆی ئامادە نەبوبێت، بەڵام لەڕوداوەكەی 7ی ئایاردا سەرۆك خۆی ئامادەبوو لەناو باڵەخانەی پەرلەماندا بوو.

 

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد: "بەداخەوە یاساكان كراونەتە پرسی سیاسی و هەقیش بوو جێگر ڕیگە بەخۆی نەدات لەبری سەرۆكی پەرلەمان نوسراو بكات بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بەڕاستی ئەوەش كارێكی زۆر نایاساییە سەرۆك لەناو پەرلەمان بێت و  جێگر كۆبونەوە بەرێوە دەبات، سەرۆك خۆی ئامادەیە كەچی جێگر نوسراو بۆ دەسەڵاتی جێ بەجێ كردن دەنێرێت". 



سۆران عومەر و پەنا بردنی بۆ دادگا..؟

 

لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەیدا ، سۆران عومەری ئاماژەی بەوەش كرد، سكاڵای بردووەتە بەردەم دادگا و داوای لەسەرۆكی پەرلەمانیش كرد لەو ڕووەوە بەئەركی خۆی هەستێت.

 

بەپێی ئەو بەدواداچونەی ناس كورد ئەنجامیداوە، پێشبینی ئەوە دەكرێت لەلایەن دادگاوە ئەنجامی سكاڵاكەی سۆران عومەر ئەوە بوبێت كە بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر تەشریعیە نەك كارگیڕی و پسپۆڕی ئەوان.

 

دادگای فیدراڵ دەبێتە فریادڕەسی سۆران عومەر؟ 

 

لەئەنجامی سكاڵایەكی پێشووتری سەرۆكی حكومەت لەسەری، ئەو پەرلەمانتارە لەلێدوانە فەرمییەكانیدا ئەوەی ڕاگەیاند: "دادگا لەو كەیسەدا تۆڵەی لێكردووەتەوە و سیاسیانە سزا دراوە"، بۆ ئەمجارەش بڕوای بەبێ لایەنی دادگا نیە، لەو حاڵەتەدا بژاردەیەك لەبەردەم سۆران عومەردا دەمێنێتەوە، ئایا پەنا دەباتە بەر دادگای فیدراڵ..؟

 

لەوبارەیەوە، تاریق حەرب، یاساناسی دیاری عێراقی تایبەت بەناس كوردی ڕاگەیاند، بەدڵنیایەوە ئەو پەرلەمانتارە دەتوانێت پەنا بباتە بەر دادگای فیدراڵی عێراق و كەیسەكەی بگەیەنێتە ئەوێ.

 

جەختی لەوەشكردەوە، هەموو بڕیارێكی پەرلەمان دەتوانرێت لەدادگا فیدراڵ تانەی لەسەر بدرێت.

 

حەرب ئاماژەی بەوەشكرد، كاری پەرلەمانتار ڕەخنەگرتنە لە حكومەت و ئەو پەرلەمانتارە بەوهۆیەوە سكاڵای لەسەر كراوە و مادام تێبینی لە بڕیارەكەی پەرلەمان و دادگا هەیە دەتوانێت بچێتە دادگا فیدراڵ.

 

ئەوەش لەكاتێكدا، ساڵی 2009 كاتێك فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی پڕۆژەی ڕەشنوسی هەرێمیان لە پەرلەمانەوە تێپەڕاند بۆ خستنە دەنگدانەوە، لەلایەن نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تانە لەبڕیارەكەی پەرلەمان درا، بەڵام پاش ماوەیەك كەیسەكەی دۆڕاند و لەبەرژەوەندی یەكێتی و پارتی كۆتایهات.

 

ناس كورد ئەوەشی زانیووە، ئەو سەردەمە کە قۆناغی بەهێزی یەكێتی و پارتی بوو لەبەغدا، پێشتر كاریان لەسەر كەیسەكە كردبوو لەو دادگایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا هەیمەنەی سیاسیان كەمترە ئەگەری ئەوە هەیە لەكاتی بردنی كەیسەكەی دا بۆ ئەو دادگایە ئەگەری ئەنجامێكی جیاوازتر بۆ سۆران عومەر هەیە لەو ئەنجامەی كە نەوشیروان مستەفا لەسەر پرسی ڕەشنوسی دەستور بەدەستیهێنا.