گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا؛ بۆ ئاسایکردنەوەی ژیان بیر لە پەیڕەوکردنی پلانێکی 100 ساڵ لەمەوبەر دەکرێتەوە

2020.05.20 - 23:19
ئەمریکا؛ بۆ ئاسایکردنەوەی ژیان بیر لە پەیڕەوکردنی پلانێکی 100 ساڵ لەمەوبەر دەکرێتەوە

ناس کورد-

 بەرپرسانی ولایەتێکی ئەمریکی، بۆ ئاسایکردنەوەی ژیان بیر لە زیندوکردنەوەی پلانێکی کۆن دەکەنەوە کە پێش100 ساڵ لەمەوبەر جێبەجێکراوە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلەوەنزا.

 

بەگوێرەی ئاژانسی"ڕۆیتەرز" بەرپرسانی ولایەتی نیویۆرک کە لە ئێستادا زۆرترین حاڵەتەکانی توشبوون و مردنی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێیدا تۆمارکراوە لە ئەمریکا، سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئاسایکردنەوەی ژیانن لە چەند مانگی داهاتوودا، بۆ ئەو مەبەستەش بیریان لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە کردوەتەوە کە لە ساڵی 1918لە ولایەتەکە  پەیڕەوکراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ئەنفلەوەنزا لەو دەمەدا".

 

بەگوێرەی پلانەکەی ساڵی 1918، بەرپرسانی ئەوسای ولایەتی نیویۆرک، جوڵەی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی، دەوامکردنی فەرمانبەرانیان بەجۆرێک ڕێکخستوەتەوە کە لە چوارچێوەی مەترسی پەتاکەدا جەنجاڵی لەوێستگەکانی شەمەندنەفەر و کۆمپانیاکاندا دروست نەبێت.

 

ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردووە، بەرپرسانی ولایەتی نیویۆرک دەیانەوێت هاوشێوەی پلانی ساڵی 1918 بەکارهێنەرانی هۆکارەکانی گۆاستنەوە دابەش بکەن و کاتژمێرەکانی کارکردنی فەرمانبەرانیش لە کۆمپانیاکاندا ڕێکبخەنەوە.

 

ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکاری بۆ ئاسایی کردنەوەی ژیان لەولایەتی نیویۆرک لەو باریەوە بە ڕۆیتەرزی وتووە  "گفتوگۆکان دەربارەی ڕێکارەکانی ئاسایکردنەوەى ژیان لە وڵایەتی نیویۆرک لەسەرەتادایە".

 

ئاماژەی بەوەشکردوە "لە ئێستادا زیاترلە 220 هەزار کۆمپانیای جیاواز لە ناو شاری نیویۆرکداهەیە، بۆیە بیرکردنەوە لە ڕێکخستنەوەی کاتی دەوامی فەرمانبەرانی ئەو کۆمپانیایانە کارێکی ئاسان نییە".

 

 لای خۆشییەوە پاتریک ڤۆی، سەرۆکی دەسەڵاتی گۆاستنەوە لەشاری نیویۆرک، داکۆکی لە پەیڕەوکردنی پلانەکەی ساڵی 1918 کردوە  دەڵێت : "دەبێت ڕێگری لەوە بکەین تۆڕەکانی گۆاستنەوەی گشتی کە بەدرێژایی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە ناو شاری نیویۆرک ببێت بە سەرچاوەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، چونکە ڕۆژانە  زیاتر لە پێنح ملیۆن کەس ئەو تۆڕانە بەکاردەهێنن".

 

بەگوێرەی زانیارییە مێژووییەکان، ڕۆیاڵ کۆبلاند، بەرپرسی تەندروستی نیویۆرک لە سەروبەندی سەرهەڵدانی پەتای ئەنفلەوەنزەدا لە ساڵی 1918دا دەوامی فەرمانبەرانی ولایەتەکەی ڕێکخستووە بە جۆرێک جیاوازی لە نێوان سەرەتای دەوام و کۆتایی دەوامی هەر کۆمپانیایەک 15 خولەک بێت، ئەوەش بەمەبەستی بنبڕکردنی جەنجاڵی و تێکەڵبوون.

 

بەگوێرەی ڕۆیتەرز کە زانیارییەکانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە وەرگرتووە، پێناچیت ولایەتی نیویۆرک بتوانێت کایە ئابورییەکانی ولایەتەکە پێش وەرزی پایزی داهاتوودا بەشێوەیەکی فراون کارابکاتەوە.

 

لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا پێنچ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و حاڵەتەکانی مردنیش بە ڤایرۆسەکە گەیشتوەتە 327 هەزار کەس، ئەمریکاش لەپلەی یەکەمی ڕیزبەندی جیهانیدایە لە ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بەو پەتا کوشندەیە.