گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارەکە نزیکەی 400 ملیار دینارە و هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە

عێراق موچەی هاوکارى کۆمەڵایەتی بەسەر زیاتر لەملیۆنێک خێزانی هەژار دابەش دەکات

2020.05.20 - 22:03
عێراق موچەی هاوکارى کۆمەڵایەتی بەسەر زیاتر لەملیۆنێک خێزانی هەژار دابەش دەکات

ناس کورد-

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، قۆناغی سێهەمی پێدانی موچەی هاوکارى کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند و جەختیشکردەوە، پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزان ملیونێک و 300هەزار خێزان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بەدەر لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەو گوژمەیە سودمەند دەبن.

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، لە هەژماری فەرمی خۆی لە توڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە "عادل رکابی، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، فەرمانی کردووە پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزان موچەی هاوکارى کۆمەڵایەتی خانەوادە هەژارەکان دابەش بکرێت".

 

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارە قۆناغی سێهەمی پێدانی موچەی کۆمەکی کۆمەڵایەتی سبەی ( پێنجشەممە) بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشبکرێت کە بەهۆی قەیرانی ئابوری و بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دوچاری بارێکی ناهەمواری بژێوی بوونەتەوە".

 

هاوکات عادل ڕکابی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەدا وتی :"ژمارەی ئەو خێزانانەی کە لەم قۆناغەدا ئەو موچەیە دەیانگرێتەوە مەزەندە دەکرێن بە ملیۆنێک و 300 هەزار خێزان کە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە تەنها پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەبێت".

 

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو گوژمەییەی کە تەرخانکراوە بۆ پێدانی موچەی کۆمەڵایەتی ئەو خێزانە هەژارانە 390 مليار دينارە.

 

 ئەو وەزیرە عێراقییە ڕاشیگەیاند، حکومەتی عێراق بڕێکی دیکەی پارەی تەرخانکردووە بۆ کۆمەکردنی ئەو کەسانەی کە زەرەرمەندبوون لە ڕێکارەکانی قەدەغەی گشتی کە ئەمڕۆ( چوارشەممە) دابەشکرا.

 

رکابی، ئەوەشی خستەڕوو، "لەبەر پابەند بوون بە ڕێکارەکانی بەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە پێناو کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، موچەکە بەچەند گەڕێک دابەشدەکرێت و سودمەندان لە موچەکە لەڕێگەی نامەی ئەلکترۆنی مۆبایلەکانیانەوە لەکات و ساتی دابەشکردنى موچەکە ئاگاداردەکرێنەوە".